لە واشینتۆ چ باسە؟!

لە واشینتۆ چ باسە؟!

خسرەو ئەڵماسی


له‌ سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نیۆیۆڕك، سنووره‌كانی هاتووچۆی وه‌زیره‌كه‌ و شاندی هاوڕێی بۆ سێ شوێن به‌رته‌سك كرایه‌وه‌. ئه‌وه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك بۆ سه‌پاندنی گوشاری لانی زۆر له‌ سه‌ر هه‌وڵه‌ پرۆپاگه‌نده‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران. له‌ هه‌مان كاتدا، رێگه‌ به‌ سیناتۆرێكی كۆماریخواز درا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران كۆ ببێته‌وه‌ و مه‌رجه‌كانی ئه‌مریكای بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بۆ روون بكاته‌وه‌. 


ستراتیژی ویلایاته‌ یه‌كگرتووه‌كان، خنكاندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ له‌ رووی سیاسی و دیپڵۆماتیك و ئابوورییه‌وه‌ و تا ئاستێكی زۆر له‌ پێشخستنی ئه‌و ستراتیژه‌ش سه‌ركه‌وتوو بووه‌. له‌ هه‌مانكاتدا، ده‌ركه‌ی وتووێژ و دانوستانی له‌ سه‌ر ئێران كردۆته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگی وه‌ك دۆسیه‌ی ناوكی و پرۆگرامی مووشه‌كی و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌. وشه‌ی كلیلی له‌ وتاره‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و به‌رپرسانی دێسكی ئێران له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، وشه‌ی نۆڕماڵه‌. ئه‌مریكا گه‌ره‌كێتی ئێران وه‌ك رژێمێك و ده‌وڵه‌تێكی نۆڕماڵ و ئاسایی هه‌ڵسووكه‌وت بكات. نۆڕماڵیزه‌ كردنی ئێران به‌ واتای داماڵینی ئه‌و رژێمه‌ دێت له‌ به‌هاكانی شۆڕشه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی و ستراتیژه‌كه‌ی بۆ هه‌نارده‌ كردنی شۆرش و كۆتاییهێنان به‌ دوژمنایه‌تی چل ساله‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و كردنه‌وه‌ی بازاڕی ئێران به‌ رووی ئه‌مریكا دا.


به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی رای گشتی ئه‌مریكا و به‌ڵێنه‌كانی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد تڕامپ، پێكدانانی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئێران له‌ قازانجی تڕامپ دا نییه‌؛ به‌ تایبه‌ت كه‌ ئێستا سه‌رقاڵی كه‌مپه‌ینه‌ بۆ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی. به‌ڵام له‌ كاتێكی زۆر پێویستدا، وه‌شاندنی گورزێكی سه‌ربازی سنووردار ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌مریكا هه‌وڵ ده‌دات هێزێكی فره‌ره‌گه‌ز به‌و كاره‌ هه‌ڵبستێت. 


سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تڕامپ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فونی له‌گه‌ڵ بوریس جۆنسۆن، سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی به‌ڕیتانیا، وێڕای پیرۆزبایی پێگه‌ تازه‌كه‌ی تاوتوێی كێشه‌ی ئێران و نه‌وتهه‌ڵگره‌كان و ئاسایشی رێگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هاتووچۆی ئاوییان كرد. سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی به‌ڕیتانیا پشتگیری خۆی بۆ هاوپه‌یمانه‌ له‌مێژینه‌كه‌ی دووپات كرده‌وه‌ و به‌ڵێن و بڕیاری داوه‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ دابینكردنی زیاتری هێزێكی سه‌ربازیی به‌ریتانی - ئه‌ورووپی له‌ كه‌نداو بخاته‌ گه‌ڕ. به‌ریتانیا دوای هاتنه‌ ده‌ر له‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا، پێویستی به‌ هاوپه‌یمانێك و بازاڕێكی گه‌وره‌ له‌ دونیای ئازاد و دیمۆكڕات ده‌بێت و باشترین بژارده‌ی به‌رده‌ستی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ و سه‌رۆكی ئه‌مریكاش پێشوازی و پشتیوانی خۆی له‌و بژارده‌یه‌ ده‌ربڕیوه‌.


لاوازكردن و بچووككردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی ئێران بۆ ناو سنووره‌كانی خۆی و پاڵپشتی و هاوكاریی هاوپه‌یمان و یاره‌كان له‌ سیاسه‌ته‌ یه‌كه‌مینه‌كانی ئه‌مریكایه‌. وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌نداو به‌رده‌وام له‌ گفتوگۆ و هاتوچۆدان له‌گه‌ڵ هاوتاكانیان له‌ ئه‌مریكا. چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئیسرائیڵ له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌وتۆته‌ رۆژه‌ڤه‌وه‌ و په‌رده‌ له‌ سه‌ر قۆناغی یه‌كه‌می رێككه‌وتنی سه‌ده و به‌شه‌ ئابوورییه‌كه‌ی لادرا و به‌م زووانه‌ به‌شه‌ سیاسسیه‌كه‌شی ده‌خرێته‌ روو. عێراقێكی دیمۆكڕاتیك و ئاوه‌دان و هه‌رێمێكی كوردستانی به‌هێز و ئارام بۆ ئه‌مریكا گرنگه‌ و عێراقییه‌كان له‌ ژێر گووشارێكی زۆردان كه‌ سنوور بۆ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی كۆماری ئیسلامی دابنێن و میلیشیاكان بخه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپای عێراقی و به‌رفه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق. پرۆسه‌ی ده‌رهێنانی عێراق له‌ ژێر ده‌ستی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌هێزكردنی له‌ رووی سیاسی و دیپڵۆماتیك و ئابوورییه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت. هاتووچۆی شانده‌ دیپڵۆماتیك و بازرگانییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ عێراق و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش له‌ ئاستێكی گه‌وره‌ و به‌رزدا به‌رده‌وامییان هه‌یه‌. وه‌ك دیپڵۆماتكارێكی پێشووی عێراقی ده‌ڵێت: بۆ عێراقێكی به‌هێز ئێرانێكی لاوازمان پێویسته‌.


كۆماری ئیسلامی ئێران كه‌وتۆته‌ داوێكه‌وه‌ رزگار بوون لێی ئه‌سته‌مه‌ و په‌له‌قاژه‌كانی زیاتر بۆ ناوه‌ندی داوه‌كه‌ی راده‌كێشن و گیانی زیاتری لێ ده‌ستێنن. ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆگرامه‌ ناوكییه‌كه‌ی، ته‌قاندنی مووشه‌ك، دابینكردنی مووشه‌ك بۆ میلیشیاكان، ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه به‌ تایبه‌ت عێراق و فه‌ڵه‌ستین‌ و ته‌قاندنه‌وه‌ و به‌گه‌مارۆگرتنی نه‌وتهه‌ڵگره‌كان و هتد مه‌له‌كردن به‌ ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ن و ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی پاڵنانی وڵاتانی زیاتر بۆ به‌ره‌ی ئه‌مریكا ده‌بێت.  



ئه‌م بابه‌ته 93 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:06:02/08/2019