ئۆسترالیا ڕایگەیاند ئامادەی بەشداری لە هاوپەیمانی ئەمنییەتی دەریایی ئەمریکایە لە کەنداو

ئۆسترالیا ڕایگەیاند ئامادەی بەشداری لە هاوپەیمانی ئەمنییەتی دەریایی ئەمریکایە لە کەنداو

ئاسۆی ڕۆژ

هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکانی ئێران و بریتانیا لە بواری ئەمنییەتی تەنگەی هۆرمز، سکات موریسۆن، سەرۆک وەزیرانی ئۆسترالیا ئەوەی پشت ڕاست کردەوە کە سەرقاڵی وت و وێژ لەگەڵ هاوتا بریتانیایی و ئەمریکاییەکانیان بۆ دەستپێکی گەشتی سەربازی لە دەریایی عۆمان.

ماڵپەڕی بیزینێس ئینسایدێر ڕۆژی هەینی ١٨ی گەلاوێژ ڕاپۆرتی داوە کە سەرۆک وەزیرانی ئۆسترالیا ئامادەیی و ڕۆڵ بینینی ئەم وڵاتەی لە "تەنگەی ستراتیژیکی هۆرمز" پشتڕاست کردۆتەوە.

هەر لەم پێوەندەدا موریسۆن ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ی گەلاوێژ بە ڕاگەیاندنەکانی وتبوو کە لەگەڵ بوریس جانسۆن قسەی کردووە و پێی وتووە کە بەشداری ئەم هەوڵە دەبن. ئەو لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتەکەی هاوپەیمانی ئەمنییەتی دەریایی بە دەستپێشخەری و داهێنانێکی نێودەوڵەتی دەزانێت.

پێشتر، دۆمینیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بریتانیا بە ئاماژە بە بەشداری وڵاتەکەی لە هاوپەیمانی ئەمنییەتی دەریایی ئەمریکا، وتبووی کە بریتانیا یارمەتی ئەمریکا دەدات بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە ئاژاوەگێڕی و کارە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی. مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕۆژی ڕابردوو سپاسگوزاری هاوڕێیەتی بریتانیا بوو لەم هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە.

لە لایەکی ترەوە هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئامادەیی ئۆسترالیا و بریتانیا بۆ پەیوەست بوون بە هاوپەیمانی ئەمییەتی لە کەنداو بە ڕێبەری ئەمریکا، بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاماژە بە "توانایی زانیاری" ئەم وڵاتە، ڕایانگەیاندووە کە لە هاوپەیمانی سەربازی ئەمریکا لە کەنداو هاوکار و بەشدار دەبن.

ئاڵمان پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە لە هاوپەیمانی جیهانی ئەمنییەتی لە کەنداو بەشداری ناکات، بەڵام ئامادەیە لە هاوپەیمانی ناوگانی ئۆرووپا لە کەنداو بەشدار بێت و داوای ڕێبەری هاوپەیمانی سەربازی ئۆرووپا دەکات لە کەنداو. لە کابینەی پێشووی دەوڵەتی بریتانیا پێشنیار کرا کە هاوپەیمانییەتییەکی سەربەخۆی ئۆرووپایی جیا لە هاوپەیمانییە جیهانییەکەی ئەمریکا لە کەنداو پێک بێت، بەڵام بە دوای دەست لە کار کێشانەوەی ترێزا مەی و هاتنە سەرکاری بوریس جانسۆن و بە دوای ئەو دا پەیوەست بوونی بریتانیا بە هاوپەیمانی ئەمریکا، چارەنووسی پێشنیاری هاوپەیمانی سەربەخۆی ئۆرووپا لە کەنداو ناڕوونە.

بە دوای توند بوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە و هیرش و دەست بە سەردا گرتنی چەند نەوتهەڵگر و کەشتی بازرگانی لە ئاوەکانی کەنداو و تەنگەی هۆرمز، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند لە هەوڵی پێک هێنانی هاوپەیمانییەتییەکی سەربازییە لە کەنداو و داوای لە ٦٠ وڵاتی دۆستی خۆی کرد لەو هاوپەیمانییەتییەدا بەشدار بن. ئامانج لە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە پاراستنی ئازادی کەشتیوانی لە کەنداو و دەریای عۆمانە.

کۆماری ئیسلامی لە زاری جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی خۆی کە ماوەیەک لەمەوبەر لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکاوە خراوەتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، ڕایگەیاندووە کە بوونی هێزی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ئەمنی لە ناوچەکە.

بە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام (ڕیکەوتنی ناوکی ئێران و شەش زلهێزی جیهانی) و کاراکردنەوەی گەمارۆ کۆنەکانی ئەمریکا و سەپاندنی کۆمەڵێک گەمارۆی ئابووری لە بوارەکانی نەوت و بانک، کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە پەلەقاژە. بە مەبەستی ناچار کردنی ئۆرووپا بۆ جێ بە جێ کردنی بەڵێنەکانیان لە بەرجامدا، دەستی بە هەندێک کاردانەوەی خراپکارانە داوە لەوانە؛ هێرش و دەست بە سەر دا گرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەمکردنەوەی پابەندییەکانی لە ڕێکەوتننامەی بەرجام.

برایان هۆک بەرپرسی ژووری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیەکی جیهانییە و ڕووبەڕوو بوونەوەشی پێویستی بە کۆدەنگییەکی جیهانییە و ئەمریکاش بە دوای پێکهێنانی ئەو کۆدەنگییەوە دەبێت.

پێکهێنانی هاوپەیمانی سەربازی لە کەنداو بە ڕێبەری ئەمریکا دژی ئێران، یەکێک لەو بوارانەیە کە ئەمریکا بۆ پێک هێنانی کۆدەنگی جیهانی دژی کۆماری ئیسلامی هەوڵی بۆ دەدات.  


ئه‌م بابه‌ته 322 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:09:59:09/08/2019