ئێران/ گوشار بۆ سەر بەهاییەکان بەردەوامە لانی کەم ٧ بەهایی لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا دەستگیر کراون

ئێران/ گوشار بۆ سەر بەهاییەکان بەردەوامە
لانی کەم ٧ بەهایی لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا دەستگیر کراون

ئاسۆی ڕۆژ

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئێران لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لانی کەم ٧ کەسی بەهایی لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران دەستگیر کراون.

کۆمەڵەی جیهانی بەهایی لە ژێنێڤ بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە ئەو ناوەندەی کە ئەو بەهاییانەی دەستگیر کردووە و لە تۆمەتی ئەو کەسانە هەواڵ و زانیارییەک لە بەر دەست دا نییە.

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها باس لەوە دەکات کە تەنیا لەم هەفتەیەدا لایەنی کەم چۆار شارۆمەندی بەهایی لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران دەست بە سەر کراون

مونیرە باوێل سوفلایی، منیو زەمانی پوور و غوڵامحسێن مەزلوومی سێ بەهایی تارانین کە ڕۆژی ١٩ی گەلاوێژ لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر و بۆ زیندانی ئێڤین گوازاونەتەوە

هاوکات سۆهەیلا حەقیقەت بەهاییەکی دیکەی شاری شیرازیش لە لایەن دزگا ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستگیر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

فەرید موقەدەمیش بەهاییەکی دیکەی شاری بیرجەندە کە هەفتەی ڕابردوو دەستگیر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بیرجەند گوازراوەتەوە. چەند ڕۆژ لەمەوبەریش لە ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژیش مەئموورانی ئەمنییەتی ٢ شارۆمەندی دیکەی بەهایی بە ناوەکانی ئەبولفەزڵ ئەنساری و ڕۆحوڵڵا زیبایییان لە کەرج دەستگیر کرد

مەئموورە ئەمنییەتییەکان ماڵی ئەو کەسانەیان پشکنیوە و کەرەستە تاکەکەسییەکانیانیان و لەوانە کامپیۆتیر، مۆبایل و بەڵگە کەسی و بانکییەکانیانی لەگەڵ خۆیان بردەووە

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕەشبگیرییانە مەئموورە ئەمنییەتییەکان چوار ڕۆژ لەمەوبەر چوونەتە سەر ماڵی جەماڵەدین خانجانی یەکێک لە ڕێبەرانی کۆمەڵەی بەهاییەکان و وێڕای پشکنینی کەل و پەل و کەرەستە تاکەکەسییەکانی، ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە

لە ساڵی ١٣٨٧ جەماڵەدین خانجانی دەستگیر و بە ١٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا کە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ پاش کۆتایی هاتنی سزای زیندانەکەی لە زیندان ئازاد کرا

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی بە پشت بەستن بە یاسای بنەڕەتی، بڕوای بە ئایینی بەهایی نییە و بە ڕەسمی ناناسێت و لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو پێڕەوانی ئەو ئاینەی دەستگیر و بە "تۆمەتی تەبلیغ دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیو "ئەندامییەتی لە گرووپە قەدەغەکراوی بەهاییتۆمەتبار کردووە لە دادگاکان بە زیندان و ئیعدام مەحکووم کراون

جگە لە ئیعدام و دەستگیری و زیندانی، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی بەهایی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە زانستگاکان دەرکراون و لە خوێندن لە زانستگاکان بێ بەش کراون

شوێنی کار و کەسابەتی دەیان شارۆمەندی بەهایی لە لایەن مەئمورانی کۆماری ئیسلامییەوە پلۆمپ کراوە، بابەتێک کە هەموو کات جێی ڕەخنەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەواڵنێرانی تایبەتی ئەم ڕێکخراوەیە و داومەزراوە مافی مرۆڤییەکان بووە

جێی ئاماژەیە کە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و پاکتاو کردنی بەهاییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران، کوردستان گیانپەنای ئەو بەهاییانە بوو و لە ژێر سایەی حوکمڕانی و کولتووری خەڵکی کوردستان لە شارە کوردییەکان نیشتەجێ بوون و هەندێکیان بۆ هەمیشە لە کوردستان گیرسانەوە و ژمارەیەکی زۆریشیان لە ڕێگەی کوردستانەوە لە ئێران دەرباز بوون



ئه‌م بابه‌ته 71 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:08:22:13/08/2019