نتانیاهۆ ڕوو لە مەکڕۆن؛ ئێستا خراپترین کاتە بۆ وت و وێژ لەگەڵ ئێران

نتانیاهۆ ڕوو لە مەکڕۆن؛ ئێستا خراپترین کاتە بۆ وت و وێژ لەگەڵ ئێران

بە چوونە سەرەوەی هەوڵەکانی ئۆرووپا بۆ پاراستنی بەرجام، بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە ئیمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕانسە کرد خۆی لە وت و وێژی جیددی لەگەڵ ئێران ببوێرێت.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەم بابەتەی ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانان ڕایگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕیتێرز و لە زار ڕاگەیاندنەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، نتانیاهۆ لە پێوەندییەکی تەلەیفوونی ڕۆژی هەینی بۆ سەرۆک کۆماری فەڕانسە وتوویەی کە "گفت و گۆ لەگەڵ ئێران ڕێک لە ئێستادا کە هێرشە ناوچەییەکانی پەرە پێداوە، لە بواری کاتەوە، هەڵەیە.”

پێشووتر لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ٧ وڵاتی پیشەسازی جیهان کە بە میوانداری فەڕانسە بەڕێوە چوو، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا باسی لەوە کردبوو لە ئەگەری مەرجی دروست، ئامادەیە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران چاوپێکەوتن بکات. 

بەڵام ڕووحانی ڕۆژی پێنج شەممە وتی کە تا کاتێک کە هەموو گەمارۆکان هەڵنەگیرێنەوە، ئامادەی دان و ستان و وت و وێژ لەگەڵ ئەمریکا نییە. 

وڵاتانی ئۆرووپای ئەندام لە بەرجام و لە سەروو هەموویانەوە، هەوڵ دەدەن کە ڕێکەوتننامەی بەرجام کە ١٥ مانگ لەمەوبەر ئەمریکا لێی هاتەدەرێ، زیندوو ڕاگرن. 

مەکرۆن گەڵاڵەیەکی پێشنیاری بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردبوو. 

بە پێی ئەو گەڵاڵەیە "سڕکردن لە بەرامبەر سڕ کردندا” دەبێت، واتە هەر دوو لا (ئێران و ئەمریکا) هەوڵەکانیان و توندکردنەوەی گرژییەکانیان ڕابگرن و پێویست نییە ئەمریکا بگەڕێتەوە "بەرجام” و ئێرانیش پرۆسەی کەم کردنەوەی پابەندییەکانی بە "بەرجام” ڕاگرێت، لە پێناو هێوەر کردنەوەی دۆخەکە.

هەندێک لە سیاسەتمەدار و چاودێرانی سیاسی ئۆرووپای لەو بڕوایەدان کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ دۆناڵد ترامپ نابێتەوە بە سەرۆک کۆمار. بۆیە پێویستە لە ئێستادا دۆخەکە هێوەر بکرێتەوە، تا سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێتەوە. 

بەڵام بە پێچەوانەی لێکدانەوەی هەندێک لە سیاسەتمەدار و چاودێرە سیاسییەکانی ئۆرووپا، ڕاپرسییەکان باس لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆشەویستی ترامپ لە لای ئەمریکاییەکان دەکەن و بە پێی ئامارەکان ترامپ خۆشەویست ترین سەرۆک کۆماری مێژووی ئەمریکایە و ئەگەری زۆرە بۆ دەوری دووهەمیش ترامپ ببێتەوە بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا.

ئەمریکا لەو بڕوایەدا بوو کە "بەرجام” گەرەنتی ئەوە ناکات کە ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات و بۆیە لە بەرجام هاتە دەرێ و داوای واژۆ کردنی ڕیکەوتننامەیەکی نوێ دەکات کە گەرەنتی ئەوە بکات ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات. 

ئێران وێڕای ڕەخنەگرتن لە هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، ئامادە نییە ڕێکەوتننامەیەکی نوێ واژۆ بکات. ئەمریکا بۆ ناچار کردنی ئێران بۆ قبووڵی ڕێکەوتننامەیەکی دیکە، لە دوو قۆناغدا کۆمەڵێك گەمارۆی جەرگبڕی لە دوو کەرتی نەوت و سیستمی بانکی ئێرانی خستۆتە بواری جێ بە جێ کردنەوە.

کاریگەرییەکانی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران، ئەو وڵاتەی تووشی قەیرانی جیددی ئابووری کردووە.


ئه‌م بابه‌ته 63 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:46:31/08/2019