سێناتۆ گراهام خوازیاری هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکانی ئێرانە

سێناتۆ گراهام خوازیاری هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکانی ئێرانە

لیندسی گراهام، سێناتۆری کۆماریخوازی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خوازیاری هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران لە تۆڵەی هێرشی حوسییەکان بۆ دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی عەرەبستانی سعوودییە.

گراهام ڕۆژی سێ شەممە ٢٣ی خەرمانان بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک تویت بەرامبەر هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی حوسییەکانی یەمەن کاردانەوەی نواندوو و ئەوەی بە نیشانەیەک لە هەوڵەکانی ئێران بۆ وێران کردنی ڕۆژهەڵات زانیوە

ناوبراو وێڕای تۆمەتبار کردنی کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی کردن لە حوسییەکان نووسیویەتی؛ دەسەڵاتی تاران مەیلی بە ئاشتی نییە. ئەوان بە دوای چەکی ناوکی و خستنە ژێر ڕکێفی ناوچەکەوەن.

ئەم سێناتۆرە ئەمریکاییە دەنووسێت؛ ئیستا کاتی ئەوە هاتووە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بژاردەی هێرش بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی ئێران لە ئەگەری بەردەوامی ئاژاوەگێڕییەکانی و پیتاندنی یۆرانیۆم تاوتوێ بکات و پاشان دەڵێت؛ ئێران دەست لەم کارە نەرێنییانەی خۆی هەڵناگرێت، مەگەر ئەوەی وڵامەکەی بە چاوی خۆی ببینێت، بەڵام هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکانیان پشتی ئەم دەسەڵاتە دەشکێنێت.

حوسییە شیعەکانی یەمەن بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە باسیان لە هێرش بۆ سەر پاڵاوگە و دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی عەڕەبستان کرد کە بە دووەم گەورە مەیدانی نەوتی عەرەبستان دادەنرێت



ئه‌م بابه‌ته 146 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:35:15/09/2019