ئەمریکا بانکی ناوەندی و سندووقی گەشەپێدانی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانییەوە

ئەمریکا بانکی ناوەندی و سندووقی گەشەپێدانی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانییەوە

ئاسۆی ڕۆژ/ دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەرمانان ڕایگەیاند کە بانکی ناوەندی و سندووقی گەشەپێدانی نەتەوەیی ئێرانی خستۆتە لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە

ترامپ لە وت و وێژ لەگەڵ هەواڵنێران لە کۆشکی سپی باسی لەو گەمارۆ نوێیەی دژی ئێران کرد و وتی؛ ئەمە قورسترین گەمارۆیەکە کە تا ئێستا دژی وڵاتێک ئەنجام درابێت.”

بە دوای ئەم لێدوانانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردەوە کە دەڵێت بانکی ناوەندی ئێران "بەمیلیۆنان دۆلاری خستۆتە بەردەم سپای پاسداران، لقی دەرەکی سپا واتە سپای قودس و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە.

ئەمریکا وێڕای بانکی ناوەندی و سندووقی گەشەپێدانی ئێران، کۆمپانیایەکی تری بە ناوی "گەشەی بازرگانی و متمانەی پارسەشی ڕۆژی هەینی خستە لیستی گەمارۆکانی خۆی و باسی لەوە کردووە کە لەم کۆمپانیایەی وەک پۆششێک بۆ گواستنەوەی پووڵ بە وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان، کەڵکی وەرگرتووە

دواین هەوڵی ئەمریکا دژی ئێران شەش ڕۆژ پاش هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعوودی لە بەقیق و مەیدانی نەوتی خەریس ئەنجام دەدەرێت، ڕووداوێک کە بەرهەم هێنانی نەوتی عەرەبستانی بۆ ڕێژەی پێنج میلیۆن بۆشکە لە ڕۆژدا کەم کردەوە

ئەگەرچی حوسییەکان بەرپرسایەتی ئەم هێرشانەی وەئەستۆ گرتووە، بەڵام واشینتۆن و ڕیاز، ئێران بە بکەری ئەم هێرشانە تۆمەت بار دەکەن. مایک پەمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەم کارەی ئێرانی بە "هەنگاوی شەڕەنگێزانەوەسف کرد

ستیڤ مەنووچین، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکاش، ڕایگەیاندووە کە بانکی ناوەندی ئێران دوایین سەرچاوەی ماڵی ئێران ئەژمار دەکرێت

پێشووتر پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی بەرجام، ڕۆژی ٢٥ی گوڵانی ١٣٩٧ی هەتاوی، وەلیوڵڵا سەیف، سەرۆکی ئەوکاتی بانکی ناوەندی بە تۆمەتی دابین کردنی میلیۆنان دۆلار بۆ گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان خرایە لیستی گەمارۆکانەوە

بەم حاڵەوە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا لە ڕاگەیاندنەکەی خۆیدا بۆ تەحریمی بانکی ناوەندی ئێران، باسی لە هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان کردووە و ئەمەی بە هۆکارێک بۆ گەمارۆی ئەو بانکە زانیوە. لەو ڕاگەیاندنەدا باس لەوە کراوە کە ئەمریکا لە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارەکان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبێت



ئه‌م بابه‌ته 306 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:50:21/09/2019