بۆچی پشتیوانی کردن لە «شواری مودیرییەتی گوزار»، بەسوودە؟

بۆچی پشتیوانی کردن لە «شواری مودیرییەتی گوزار»، بەسوودە؟

ئەردەڵان فەرەجی



ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە ٦ و ٧ی ڕەزبەر لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا، پێکهاتەیەکی سیاسی نوێی دژی کۆماری ئیسلامی بە ناوی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کاتی (شورای مدیریت گذار) بۆ تێپەڕاندنی سەردەمی پاش کۆتایی هاتنی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕایکردن و بەڕیوەبردنی ئێران و کاروباری وڵات، دەست بەکاربوونی خۆی ڕاگەیاند.

ڕوونە کە بیرۆکەکەی ئەم شووڕایە لە چەند لەمانگ لەمەوبەرەوە لە لایەن کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسییە دێرین و نەوەی نوێی ئێستای ئێران و کوردستان هاتە ئاراوە و پاش دەیان و سەدان کاتژمێر ڕاوێژ و کۆبوونەوە، تاوتوێ کردن و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی هەموو لایەنەکانی وەها کارێک، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم پێکهاتە سیاسییە خۆی وەک ئاڵترناتیڤێک لە بەرامبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەردەمی تێپەڕین و گوزار لەو ڕژیمە بناسێنیت.

کورد و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێران لە پێکهێنەرانی ئەم ئاڵترناتیڤەن. جێی ئاماژەیە کە لە خاوەن بیرۆکەکانی ئەو پێکهاتە و ئیتیلافە کورد لە ئاستی یەکەمی دا بووە و هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران و لێکدانەوە دۆزی کورد لە ئێران و خوێندنەوەی باقی ڕەهەندەکانی دیکەی، پرسیار ئەوەیو بەشداری لەوەها پێکهاتەیەک تا چەندە لە قازانج و بەرژەوەندی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دایە؟

*وڵامدانەوە بە ئاڵترناتیڤێکی بەهێز لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا

هەر وەک لە ناوەکەی ڕا دیارە و لە ڕۆژی کرانەوەی ئەو پێکهاتەیەشدا ئاماژەی پێدراوە، ئامانجی سەرەکی ئەو هاوپەیمانییەتییە، پێک هێنانی ئاڵترناتیڤێکی بەهێزە کە بتوانێت وێڕای پابەندی بە بنەماکانی سێکۆلاریزم و دێمۆکراسی و مافی کەمایەتییە نەتەوەییەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ئێران، بوون بە ئاڵترناتیڤێکی خاوەن پێگە و جەماوەرییە لە ناوخۆی ئێران لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا.

ئەوەی کە دەمێک ساڵە خاڵی لاوازی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێرانە، بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، نەبوونی ئاڵترناتیڤیکی گشتگیر و بەهێزە. زۆر بیسراوە کە کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی لە هەوڵی پەرتەوازە کردنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بووە و بۆ ئەو مەبەستەش لە هیچ زەبر و زەنگ، کوشتن و بڕێن، هەڕەشە و فێڵ و تەڵەکەیەکیش درێغی نەکردووە.

بە خوێندنەوەیەکی واقعبینانە دەردەکەوێت کە دوو ئاڵترناتیڤ ڕەنگە لە سەر شانۆی سیاسی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بوونیان هەبێت؛ لایەنگرانی پاشایەتی و سەڵتەنەتخوازەکان و ئەوی تر موجاهیدینی خەڵق.

ئەگەرچی کە مەبەستی ئەم نووسراوەیە لێکدانەوە و تاوتوێ کردن و هەڵسەنگاندنێکی وردی ئەم دوو ئاڵترناتیڤە نییە، بەڵام زۆر بە کورتی یەک دوو خاڵ جێی ئاماژەن؛

١_ لایەنگرەکانی سیستمی پاشایەتی؛ بە پشت بەستن بە باری نوستالۆژی خەڵکی ئێران بۆ سەردەمی شا، جۆرە ڕوانینێکی تەسک و یەکانگیریان بۆ هەموو خەڵکی ئێرانی هەیە بە بێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازییە ئیتنکی و نەتەوەییەکان و جۆرێک شاپەرەستی ڕووتە. ئەگەرچی «کوڕی شا» تا ئێستا تێدەکۆشێت کە خۆی وەک سیمبولی یەکگرتووی خەڵکی ئێران وئۆپۆزیسیۆنی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی دەربخات، بەڵام دیارە کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ئازادی و مافخوازانی ئێران، دژی ئیستبدادی سیاسی سەردەمی شا بوون و هەن و پێشینەی ڕژیمی پاشایاتی دەرخەری ئەم ڕاستییەیە.

٢_ موجاهیدینی خەڵق؛ حیزبی موجاهیدنی خەڵقی ئێران کە پاش هەوراز و نشێوێکی زۆر لە سەردەمی شاوە و دواتر تەسبیتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، ڕێی خۆی لە کۆماری ئیسلامی جیا کردەوە، لە ماوەی ئەمساڵانەی تاراوگەنشینی لە عێراق و دواتر لە هەندەران، بەرە بەرە وەک فیرقەیەکی سێکتی نەساز و نەگونجاو خۆی پیشانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی داوە. نابێ ئەوە لە بەرچاو نەگرین کە بە هۆی دەستڕۆیشتووی ماڵی توانیویانە ساڵانە گردبوونەوەی بەرچاو لە پایتەختی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕێک بخەن و لایەنگری سێناتۆر و کەسایەتی سیاسی ڕۆژئاواییش بەرەوخۆیان ڕابکێشن. بەڵام موجاهیدین خوازیاری هیچ چەشنە ئاڵوگۆڕێکی جیددی نییە لە ئێران، تەنیا لاچوونی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و جێگرتنەوەی ئەو ڕژیمەیە لە لایەن خۆیانەوە.

بە واتایەکی دیکە دوو ئاڵترناتیڤە بەرچاوەکەی ئێران یەکیان هەوڵ دەدات بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ سەردەمی پێش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و ئەوەی تریان جێگرتنەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک و جیاوازییەکی ئەوتۆ لەگەڵ ناوەڕۆکی دەسەڵاتداری و حوکمڕانی لە ئێراندا کە هەر دوو ئامانجی ئەم دوو ئاڵترناتیڤە دوورن لە خواستی خەڵکی بەشمەینەت و دیکتاتۆر لێدراو و ئازادی و مافخوازی ئێران.

ئاشکرایە بەم تێگەیشتنە بۆ کورد بژاردەیەکی جگە لەو دوو ئاڵترناتیڤە نەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت ببێت بە هاوپەیمانیان.

بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد کە داواکاری مافە نەتەوەییەکانی خۆیەتی کە بە دڵنیاییەوە لە سایەی ڕژیمی و دەسەڵاتێکی دێمۆکرات و غەیرە موتەمەرکز، دەستەبەر دەبێت، لە چوارچێوەی ڕژیمێکدا کە هەمووان بە یەک نەتەوەی «ئێرانی» دەبینێت ئەستەمە یان لایەنێک کە لە دوورەوە تەنیا دان بە مافی «ئۆتۆنۆمی و خودموختاری» بۆ کورد دانەێ و ئەوەیش بە پێی دابەشکاری ئۆستانی ئێستای ئیران کە تەنیا ئۆستانی کوردستان دەگرێتەوە، -لە کاتێکدا ناوچە کوردستانییەکانی ئێران بە سەر ٥ ئۆستاندا دابەش بوون- ناتوانێت بە مافەکانی خۆی شاد ببێتەوە.

بە هەموو ئەوانەشەوە خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە «رەزا پەهلەوی» کوڕی شای پێشووی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ ڕۆژی کرانەوەی ئەوە شوورایە، ئەم هەنگاوەی لە پێناو یەکخستنی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دژ بە کۆماری ئیسلامی وەسف کرد و پێکهێنانی ئەم شوورایەی بە ئەرێنی وەسف کرد. واتە بەر لە هەر شتێک دژایەتی نەکرد.

میساق و بەڵگەنامەکانی ئەم شووڕایە

ئەم ئەنجوومەنە بەر لە بەڕێوە بردنی ڕێ و ڕەسمی خۆناساندنی، ٣ سەنەد و بەڵگەنامەی بڵاو کردووەتەوە کە هەندێک خاڵ دەخاتە ڕوو کە بۆ کورد جێی سەرنجن؛ -هەڵبەت نابێت ئەوە نەبینرێت کە کورد لە نووسینەوەی ئەو میساقە دەور و نەخشی گرنگ و کاریگەری گێڕاوە-

لەو بەڵگەنامانەدا وێڕای پێداگری لە پرەنسیپە گشتییەکانی وەک دامەزراندنی ڕژیم و دەسەڵاتێکی دیمۆکرات و سێکۆلار و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پابەند بوونی بە بنەماکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ ٣ خاڵ بۆ کورد و کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە بەرچاو دەگرێت؛

١_ خوێندن «بە» زمانی دایکی؛ و نەک تەنیا «خوێندنی زمانی دایکی» کە هەر ئێستا بە پێی قانوونی ئەساسی ئێران ئەو مافە بۆ کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە ئێران بە ڕەسمی ناسێنراوە. خوێندن بە زمانی دایکی لە قۆناغی پێش قوتابخانە و لە باخچەی ساوایانەوە تا ئاستە بەرزەکانی خوێندنی باڵا لە زانستگاکان. ئەمە یەکێک لە داواکارییە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی کوردە.

٢_ ئازادی هەڵبژاردنی دامەزراوە هەڵبژرادنییەکان لە ناوچەکان؛ ئازادی هەڵبژرادنی دامەزراوە هەڵبژاردنییەکان «پەرلمان و ئەنجوومەنی ئوستانداری و ... دەگرێتەوە کە تا ڕادەیەکی بەرچاو خەونی خەڵکی کورد بۆ خاوەندارییەتی بە سەر خاک و وڵاتی خۆیدا دەسەلمێنێت. خاڵی جێی ئاماژە لەم دەقەش دا، هەڵبژرادنی ئەم نیهادە ئینتخاباتییانەیە لە ناوچەکان کە ئەمە شکاندنی بەربەستی سنووری نێوان دابەشکاری ئۆستانە کوردەکانە لە ئێران هەر لە ئازەربایجانی غەربی، کوردستان، کرماشان و ئیلام و لوڕستان.

٣_ قەرەبوو کردنەوەی دواکەوتوو ڕاگرتنی ناوچە دواکەوتوو ڕاگیراوەکان؛ هەمووان دەزانن کە هەر دوو ڕژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بە درێژایی ٩٠ ساڵی ڕابردوو دوو ڕژیمی ناوەندگەرا بوون و هەن کە هەموو داهات و سامانی خەڵکانی ئێران بۆ ناوەندی ئەو وڵاتە سەرەولێژ کردووە و هەر بۆیەش ناوچە پەراوێزنشین و سنوورییەکان بە سیاسەتێکی بە ئەنقەست دواکەوتوو ڕاگیراون. دواکەوتوو ڕاگیرانی ناوچە سنوورییەکان لە ئەستۆی دەسەڵاتی ناوەندی بووە و قەرەبوو کردنەوەشی هەر لە ئەستۆی دەسەڵاتی ناوەندییە. ڕێگە کردنەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کورد بتوانێت لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرێت کە ئەو باڵی دواکەوتوو ڕاگیرانی لە بوارە جیاجیاکان لە ئەستۆی دەسەڵاتی ناوەندە و ئەویش لە بووژاندنەوە و قەرەبوو کردنەوەی ئەو دواکەوتوو ڕاگیرانە بەرپرسە، داوای مافی قەرەبووکردن بکاتەوە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵە؛

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ کە بە هەوڵ و هیمەتی زۆرینەی حیزبە کوردییەکان و لەوانە کۆمەڵە و دێمۆکرات بوو، ساڵی ٢٠٠٥ دامەزرا کە زەرفێکە بۆ کۆکردنەوەی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێران. ئەم کۆنگرەیە لە ماوەی ئەم ١٤، ١٥ ساڵەدا بایکۆتێکی قورسی لە لایەن لایەنە ئێرانییە سەرتاسەرییەکانەوە لە سەر بووە. حاشا لەوە ناکرێت کە بوون ئەوە لایەن و حیزبانەی کە تایبەتن بە کەمایەتییەکی نەتەوەیی کە لە ئێران کە لە کۆڕ و کۆبوونەوەی لایەنە سەرتاسەرییەکان بەشدارییان کردووە، بەڵام وەک پێکهاتە، گەمارۆ و بایکۆتیان لە سەر بووە. ئەمە یەکەم جارە و یەکەم پێکهاتەیەکی سیاسیی سەرتاسەرییە کە ئەم کۆنگرەیەی بە ڕەسمی ناسیووە. کۆنگرەیەک کە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردی کوردستانی ئێران بە دەسکەوتی خۆیانی دەزانن لە یەکخستنی هێز و وزەی کەمایەتییە نەتەوەییەکان کە زۆر دۆستی کوردن و خۆیان بە هاوپەیمان و شەریکی کورد دەزانن.

بۆ کورد، چی تێدایە؟

هەروەک ڕاگەیەنرا، ١١ کەس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانن بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی چالاکییەکانی ئەم شوورایە، کە ٤ لەو کەسانە کوردن. کوردی خاوەن پێشینەی شۆڕشگێڕانە کە ساڵانێکە لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد پێشمەرگانە خەبات دەکەن کە ئەوانیش بریتین لە بەڕێزان؛ ناهید بەهمەنی، گوڵاڵە شەرفکەندی، یەزدان شوهەدایی و کاک عەبدوڵڵا موهتەدی.

بە حیسابێکی سەرەتایی دەردەکەوێت کە بوونی ٤ کورد لە کۆی ١١ کەس لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو شووڕایە، پێگەی کورد چەندە بەهێزە! دیارە بوونی پێگەی بەهێزی کورد لەو شوورایە نەک لە ڕووی بەزەیی، بەڵکوو بە پێی ئیستحقاق و شایستەیی ڕۆڵی کورد و بزووتنەوەیەکەیەتی لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا.

بە کورتی بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی کورد و بەشداری پێدانی و ئیعترافی ڕەسمی بە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ (نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، تورک و عەرەب) کە خۆی کوردەکان تێیدا بەهێزن، سەلماندنی ٣ خاڵی گرنگ بۆ کورد و کەمایەتییە نەتەوەییەکان (خوێندن بە زمانی دایکی، ئازادی هەڵبژاردنی دامەزراوە هەڵبژاردنییەکان لە ناوچەکان و قەرەبوو کردنەوەی دواکەوتوو ڕاگرتنی ناوچە دواکەوتوو ڕاگیراوەکان) لە بەڵگەنامەکانی ئەم ئەنجوومەنە و دروست کردنی جەمسەر و ئاڵترناتیڤێکی بەهێزی دیمۆکراسیخواز کە خوازیاری جیایی دین لە دەوڵەت و دان بە پێشێلکارییەکانی هەر دوو ڕژیمی شا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دا دەنێت بەرامبەر بە کورد لە بەرامبەر ئاڵترناتیڤەکانی سەر شانۆی سیاسی ئێران، ڕوونی دەکاتەوە کە بەشداری کردن و نەک هەر بەشداری بەڵکوو بەشداری چالاکانەی کورد لەو شوورایە لە قازانجی دۆزی بزووتنەوەی کوردە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:02:28:06/10/2019