سەفەر نامەی ڕۆحانی

سەفەر نامەی ڕۆحانی

سەرۆک کۆماری ئێران

چوو بۆ ژاپۆنی وێران

وتی کاک شینزو ئابێ

تۆ سەری ئەو بابەت بێ

ئەم وڵاتەی هەتانە

دەڵێی شاری وێرانە

میتڕۆ و قەتاری ئێوە

زۆر شپرز و شپڕێوە

دڵم دەسووتێ بۆتان

بۆ شارسازی و شەقامتان

بەرگە ناگرێ تەلارتان

یا سیستەمی بیناتان

هەمووی بنیان ڕەهۆڵە

دیواریشیان هەڵۆڵە

لێیاندا بوومەلەرزە

دێنەخوارێ وەک تەرزە

کوا بەرهەمی خۆماڵی

سەنعەت و کشتوکاڵی؟

لە کوێیە تیکنۆلۆژی؟

خەڵکی ئێوە چۆن دەژی؟

کوا کاڵای هەناردەتان؟

میللەتی بێ دەرەتان

ئەم ئابوورییەی هەتانە

پڕ قەیران و ئاوسانە

ئەو میللەتە بێکارە

بۆیە برسی و هەژارە

خەڵک ناژین بەمجۆرە

گەندەڵی و ئیعتیاد زۆرە

نیتانە نەوت و قاڵی

گیرفانی خەڵک خاڵی

پووڵتان نەماوە لە بانک

داتان بە مووشەک و تانک

تەخشان و پەخشانو کرد

ئابڕووی ژاپۆنیشتان برد

پەینە و زۆر بێ‌نرخە یەن

بازاڕی گەرمە تمەن

کوا مزگەوت و مەلاتان

نوێژ و ڕۆژوو و تاعەتتان؟

کوانێ ئیمام و وەلی؟

لە کوێیە عەدڵی عەلی؟

برادەر شینزۆئابێ

وڵاتداری وانابێ

بڕوانە ئەو ئێرانە

وەک بەهەشتی جیهانە

ئابوورییەکی تاقانە

هەر لە گەشە و هەڵدانە

تیکنۆلۆژی و داهێنان

لە سەر زەوی و لە ئاسمان

ژینگەیەکی سەوز و جوان

وڵاتێکی ئاوەدان

هەر نابینی بێکاریی

نەداریی یا هەژاریی

بەروبوومی کشتوکاڵ

حیساب ناکرێ بە جەواڵ

سیستەمی شارسازیمان

تاقانەیە بێ گومان

بوومەلەرزە لە ئێران

کارمان تێناکا قوربان

نابێتە هات و هاوار

زیپکەیەک ناخاتە خوار

بازاڕی پڕاید گەرمە

جێی شانازی ڕێبەرمە

بۆ دیتنی ڕێگاوبان

تەشریفت بێنە ئێران

بەو حەزرەتی عەباسە

تێیدا نییە یەک تاسە

دێهاتیشمان میترۆیە

ئێران خوای هاتوچۆیە

ئوروپا تا ئەمریکا

حەسوودیمان پێ دەکا

بەرزە نرخی دراومان

بۆتە شاخسی جیهان

سەربەخۆین بە تەواوی

ئەمریکا کوێر بووە چاوی

ڕێ چارەی باشت دەوێ

وەرە لە برای خۆت کەوێ

هاتووم لە ئێرانەوە

بەس بە هاناتانەوە

کلیلی ڕزگاریتان

لای خۆمە برادەر گیان

لە سەرت کە عەمامە

خۆت بگۆڕە له عاممە

ڕیش و پەشمەکیش دانێ

کۆسەشی بیلامانێ

چاوێک لە کاکی خۆت کە

عەبایەک لەبەرت کە

درۆ هەڵڕێژە بە تەشت

شەو و ڕۆژ باسی بەهەشت

تا ژین بێ ماناتر کەی

قازانجی پتر دەکەی

بە قەولی درۆ و بەڵێن

گەل بە برسیێتی ڕادێن

قەدەغەی کە ئازادی

نەزانن تامی شادی

لە یەک کەلامدا ژیان

بکە جەهەندەم لێیان

بڵێ خودا لەو دونیا

پاداشتی زۆرتان دەدا

تەرکی کە نووشتانەوە

داهاتن وهەستانەوە

بۆ خەڵک کوڕنوش بردن!؟

قەت ناگەیتە سەرکەوتن

خەڵکی برسی و ڕەش و ڕووت

دەبێ لینگیان بکەن جووت

خۆ بخەنە سەر پێڵاوت

هەڵقوڕێنن پاشاوت

جا ئەوجار بێن بدەن جاڕ

ئاخوند وەکوو سیسرەی جاڕ

بترەکێن مەلا و ئاخوند

لێرە و لەوێ، شار و گوند

بوەڕن وەک سەگی هار

بە گوێی خەڵکدا سەد جار

قەناعەت بە بێ بەشی

بە نەداری و ڕۆژڕەشی

بە هیچ و پووچیی جیهان

بە بەهەشت و حۆری جوان

لە جاڕ دەن شەو و ڕۆژان

خەڵک گەوج کەن قوربان

ڕەشپۆشیان کەن و خەمبار

ڕۆژیان لێ بکە شەوی تار

هەر وەکو خەڵکی مسکێن

بگرین بۆ ئیمام حسێن

دەست هەڵمەگرە لە سەریان

دڵت نەسووتێ بۆیان

شەو و ڕۆژ نان و سندان

لەگەڵ درۆ و فریودان

بە هاتنی ئیمام زەمان

بڵێ دەگۆڕێ جیهان

گورگ و مەڕ دەبنە جیران

جا ئەوجار وەرە قوربان

بە بێ کۆسپ و تەگەرە

سەرکەوتن مسۆگەرە

بۆ دەرکەوتنەوەی مەهدی

خەڵک وەک نەدیوبدی

دەکەونە پاڕانەوە

گریان و لاڵانەوە

بۆ هاتنەوەی ئەو زاتە

گڵ دەخۆن وەک زەڵاتە

کە شکا شکۆ و کەڕامەت

خوویان گرت بە قەناعەت

نانت دەکەوێتە ڕۆن

خەڵک مریدی ئەتۆن

گیرفانی خۆت بئاخنە

دایبەستە سەرە و بنە

لە زاریان بدە دمبێن

لە یادیان نامێنێ کێن

جا ئەو خەڵکە نەزانە

زۆر پێویستیان بە شوانە

ڕاو کە زیت و وریاکان

بلیمەت و زاناکان

ئازادیخواز و نەبەز

داکە زیندان و قەفەز

دەست نەلەرزێ له کوشتن

له ئێعدام و خوێن ڕشتن

دایخە فەزای مەجازی

سەرکوت بکە نارازی

گەر وتیان ئێعدام زۆرە

بەڵێ ئەم قسە قۆڕە

نیمانە بەندی سیاسی

مەکۆین بۆ دێموکرسی

گوێ مەدە مافی مرۆ

کراوە بە مۆد ئەمڕۆ

بۆ بوومەلەرزە و سێڵاو

خۆتیان مەکە تێکەڵاو

بیمە و میمە وەلانێ

بەتۆچی بیلامانێ

خۆت مەخەرە تەنگانە

بڵێ بەڵای ئاسمانە

بڵێ کاری خودایە

عەبدی دەدا سزایە

یەک نەخۆش و کەلاکە

بە من و بە تۆ چی کاکە

شیفای هەموان لای خوایە

مەزنە و بێ هاوتایە

چی بەڵای زۆر و بۆرە

بنێ ئەستۆی خوای گەورە

زۆر گوێ مەدە ئابووری

تاڵان کە وەک "تەیموور"ی

ئەو خەڵکەش یەکبگرن

ڕۆژێک بەرۆکت دەگرن

بۆ ئەوەش ڕێگا هەیە

وەرە چاکم گوێ دەیە

ئاژاوە بنێرەوە

بەشەڕیان دە پێکەوە

لێکیان بکە بە دوژمن

لە یەک ڕۆبێن سەر و بن

خۆت ببە ناوبژیوان

ئاشتیان مەکەوە ئامان

چەند دوژمنی دەرەکی

ساز کە هەر
وا ڕەمەکی

بڵێ مەترسیین بۆمان

هەڕەشە دەکەن لێمان

خەڵکیان لێ بێنە مەیدان

شوعار بدەن له دژیان

بەم جۆرە بیانکە سەر قاڵ

تا پووچ دەبنەوە و بەتاڵ

خۆشی هەر لەوەدایە

بگەنە ئەو بڕوایە

تۆ دڵسۆزی ئەوانی

بۆ دەردی وان دەرمانی

پارێزەری وڵاتی

جێگای ڕێز و خەڵاتی

دەسەڵاتداریی ڕەها

ئەودەم هەر خۆت دەبی ها

جا بە کەیفی خۆت ڕایدە

دوایین وتەش گوێم وێدە

لە وتەی ئیمامانە

"ئابوورییەکی کەرانە"

بێ کیشە و بێ قەیرانە

بابەتی ژاپۆنیانە

نەڵێی حەسەن بێ عارە

ئەوەش کلیلی چارە

لە خۆڕایی و بێ دەلیل

پێم ناڵێن حەسەن کلیل

سەرۆک وەزیری ژاپۆن

چاوی دەرپەڕیبوو چۆن

هەر بە ئەندازەی کەشکێ

وەک ئەوەی پشتی بشکێ

داهاتبۆوە وەک گۆچان

دەیگوت نۆکەرتم قوربان

لێتان جوانە داهێنان

میللەتی گەورەی ئێران

شارستانییەتی کۆن

پێشڕەوی دونیای ئەمڕۆن

گومانم بوو بە یەقین

نەوەی کوورش و خومەینین
ئارام بوداغی

 

۲٥ی دیسەمبری ۲٠۱۹

٤ی بەفرانباری ۱۳۹۸


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:50:29/12/2019