برایان هووک: لە ئەگەری کوشتنی ئەمریکاییەکان، قائانی تووشی چارەنووسی سولەیمانی دەبێت

برایان هووک: لە ئەگەری کوشتنی ئەمریکاییەکان، قائانی تووشی چارەنووسی سولەیمانی دەبێت
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: برایان هوک، بەرپرسی ژووری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێکی تایبەتی دا لەگەڵ ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" وتی کە "ئیسماعیل قائانی"، فەرماندەی نوێی سپای قودس لە ئەگەری هەنگاو بۆ کوشتنی ئەمریکاییەکان تووشی چارە نووسی قاسمی سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودس دەبێت.
هوک لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ستڕاتیژی قائانی لەگەڵ سولەیمانی وتی: "ئەگەر قائانی ڕۆڵی کوشتنی ئەمریکاییەکان دریژە بدات، لەگەڵ هەر ئەو چارەنووسە ڕوبەڕوو دەبێتەوە."
قائانی لە دوای هاتنە سەرکار وەکوو جێگری سولەیمانی بڕیاری دابوو کە ڕێگای ئەو درێژە بدات.
قاسمی سولەیمانی لە ١٣ی بەفرانبار لە هێرشی هەوایی بە بڕیاری دۆناڵد تڕامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغداد کوژرا.
هوک لەم وتووێژەدا هەروەها وتی کە دۆناڵد تڕامپ لەوە پێش بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە هەر هێرشێک بۆ ئەمریکاییەکان و بەرژەوەندی ئەمریکاییەکان لەگەڵ وڵامێکی جیدی ڕوبەڕوو دەبێتەوە.
هەروەها وتی: "سولەیمانی وەکوو بنێشتێک بوو کە هێزەکانی سەر بە ئێرانی لە ناوچەکە بە دەوری خۆی کۆ دەکردەوە و مردنی ئەو بۆشاییەک درووست دەکات کە ڕژیمی ئێران توانای پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییەی نییە."
برایان هووک دووپاتی کردەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا ڕژیمی ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران بەرپرسی هەر هێرشێک بۆ سەر ئەمریکاییەکان یان بەرژەوەندی ئەمریکاییەکان لە ناوچەکە دەزانێت.

ئه‌م بابه‌ته 118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:45:23/01/2020