بایکۆتی هەڵبژاردن و ئاکامەکانی!

 بایکۆتی هەڵبژاردن و ئاکامەکانی!

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ ڕۆژی ٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٨ی هەتاویی سەرەڕای پڕوپاگندای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و تکا کردن و لاڵانەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەشداری کردن لە شانۆی هەڵبژاردن و پەنا بردن بۆ هەموو شێوازێک بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ پای سەندووقەکانی دەنگدان، بەڵام کۆماری ئیسلامی نەیتوانی لە بەرامبەر خواست و ویستی ئازادی خوازان سەرکەوتوو بێت و ئەگەرچی ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی باسیان لەوە کردوە کە ٥٢ لەسەد لە خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، بەڵام چالاکان و چاوەدێرانی سیاسی و بواری کۆمەڵناسی باس لە بەشداری کردنی تەنیا ٢٠ لەسەدی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەکەن کە بە پێی ئەو ویدیۆ، وێنە و زانیارییانە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوە کراوەتەوە و یا تەنانەت لە لایەن خودی ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیش بڵاوە کراون بەشداری کردنی ڕێژەی ٢٠ لەسەدی خەڵک لەو شانۆگەریەی هەڵبژاردن زیاتر لە ڕاستییەکان نزیکن کە ئەوانیش یا بە هەڕەشە و یا ئەو سەروازانەی پادگانەکان و یا بەشێک لە کەسوکاری پاڵێوراون بوون.
لێرەدا دوای کۆتایی هاتنی ئەو ڕۆژە لەوانەیە پرسیارێک بۆ زۆربەی ئێمە دروست بێت یا دروست بوبێت کە دەسکەوتەکانی ئێمە لەم پشتیوانییەی زۆربەی خەڵک لە بایکۆتی هەڵبژرادن بۆ خەڵک چی بوە؟ هەندێک کەس بۆیان پرسیارە کە بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بەشداری بکەین یا نە، ئەوە کەسانێک وەکوو نوێنەر لە مەجلیسی کارتۆنی رژیم بەشدار دەبن و یا تەنانەت ئەو کەسانە بەشدار دەبن کە لە بواری فکری و یا خزمەت کارییەوە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئێمەن!

لە وڵامی ئەو پرسیارانە چەندنین خاڵ جێگای سرنج و تێرامانن کە دەبێت هەموومان بزانین بۆ ئەوەی دەسکەوتەکانی ئەم بایکۆتە بپارێزین لە پێناو ڕەوتی بەرەو پێشچوونی موبارزاتی ئازادی خوازنەی خەڵکی ئێران بە تایبەت لە کوردستان.

١_ بەشداری نەکردنی خەڵک و بایکۆتی بەرینی کۆمەڵانی خەڵک لە ئێران سەلماندی کە پڕوپاگانداکانی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی ئەو سیستمە بۆ ڕاکێشانی خەڵک و فریودانی بیروڕای گشتیی بە پەنا بردن بۆ شێوەازە جۆراجۆرەکان ئیتر ناتوانرێت سەرکەوتو بێت و هەر بۆیە لە ناو خودی کاربەدەستانی ڕژیم کە خۆیان لە نزیکۆ شاهێدی بینینی ئەم بارودۆخە و نەمانی مەشرووعیەت ڕژیمە گەندەڵەکەیان و هەڵوەرین و داوەرینی سەنگەری ڕژیم و پتەو تر بووننی سەنگەری ئازادی خوازی خەڵک لە ئێران بە گشتیی.
٢_ بایکۆتی ئەمجارە کە لە هەمووکات زیاتر لەبەرچاو بوو، بوو بە هۆی ئەوەی کە سرنجی زۆربەی ڕاگەیاندنەکان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێت و میدیا جیهانییەکان لەم هەلمەتەی خەڵک بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن بە نەمانی ئومێد بۆ ئیسلاحی سیستم و نەمانی مەشرووعیەت سیستمی کۆماری ئیسلامی بە گوێی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بگەیەنن.
٣_بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە ئەگەرچی لە بواری مادی لانیەکەم تا ئیستا نەیتوانیوە دەسکەوتێک بە بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی خەڵکی کوردستان بگەیەنێت، بەڵام لە بواری مەعنەوەی توانی بە شێوەی سەراسەری خەڵک لە ڕاستای دژایەتی ڕژیم لەگەڵ خۆی هاوڕا و هاوتەریب بکات و ئەمە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی کوردستان کە پێم وانیە کەسێک ببێت و وا بیر نەکاتەوە.
٤_ کۆماری ئیسلامی ئەمجارە، سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە جاران لە دژی بایکۆتی هەڵبژاردن لە شێوازی جۆراجۆر بۆ بەشداری کردنی خەڵک بۆ پای سەندووقەکانی دەنگدان تەواوی هەوڵی خۆی دابوو، بەڵام خەڵک بەم نافەرمانییە مەدەنیەی خۆیان بە شێوەی مەدەنی و پێشکەوتووانە لە گوند و شارەکانی گشت ئێران بە یەکگرتووانە بە زۆرینەی خەڵک هەڵبژاردنیان بایکۆت کرد و ئەمە سەلمێنەری پێشکەوتنی کۆمەڵگای مەدەنی و زیاد بوونی و خاڵی هاوبەش لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئیستای ئێرانە لە شار و لە گوند و هەروەها خواست و ویستیئەوان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوکات دەبێت بە هۆی پەرە سەندنی بیری موبارزاتی ئازادی خوازانەی خەڵک بە شێوازی مودێرن کە ساڵەهایە لە کوردستان بە تایبەت لە لایەن کۆمەڵەوە کاری بۆ دەکرێت و هەوڵی بۆ دەرێت کە باقی ناوچەکانی دیکەی ئێرانی بۆ سازمان بدات.
٥_ئەگەر پێشتر لە لایەن هەندێک لە جەریانگەلی سیاسی لە ئێران، هەڵبژاردنەکان بایکۆت نەدەکرا  و هەندیکیان بە بیانوگەلی جۆراوجۆر خەڵکیان بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن هان دەدا، بەڵام ئەم جارە هێزێک نەبوو کە هەڵبژارنی خولی ١١هەم و بە گشتیی شێوازی هەڵبژاردن لە ئێران بە هەڵە و نادێموکراسی نەزانێت و ئەگەر حیزبێک ڕاگەیاندنی لە ڕاستای بایکۆت کردنی هەڵبژاردن نەدایەت ئەوە لە بەرچاو خەڵکەوە بە جێماو لە قافڵەی موبارزاتی ئازادی خوازانە لە ئێران پێناسە دەکرا. ئەمە دەسکەوتێکی گەورە بۆ هێزەکانی ئوپزیسیۆن بە تایبەت کۆمەڵەکە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ تەوەهومیکی بە کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە و دەنگی بەو ڕژیمە نەداوە.
٦_ ئەم شێوازە لە خەبات کە لە درێژەی خەباتی جەماوەری و بەرحەقی ئازادیی خوازانەی خەڵک لە ئێران بە تایبەت لە کوردستان بوو سەلماندی کە ئەوە خەڵکی ئازادی خواز نین کە لە توندووتیژی لە ناڕەزایەتییەکاندا کەڵک وەر دەگرن و بەڵکوو ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە بۆ دژایەتی کردنی هەر ناڕەزایەتییەکی ئەو خەڵکە لە هەموو شێوازێکی سەرکوت کردن کەڵک وەر دەگرێت.
٧- یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان و دەسکەوتەکانی بایکۆت کردنی ئەم هەڵبژاردنانە بۆ ئێمە و سەرجەم ئازادی خوازان ئەوە بوو کە گەورەترین ئامرازی ئێمە بۆ سەرکەوتن یەکگرتنمانە و تەنیا یەکگرتنی ئێمەیە کە دەتوانێت هێزی دوژمن بڕوخێنێت.



ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:07:43:22/02/2020