کچێکی دیکەی تەمەن ١٤ ساڵ لە شاری جوانڕۆ خۆی کوشت!

کچێکی دیکەی تەمەن ١٤ ساڵ  لە شاری جوانڕۆ خۆی کوشت!
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: خۆ کوژی ٢ کچی هاوکلاسی، تەمەن ١٤ ساڵ لە شاری جوانڕۆ بە هۆکاری نادیار.
بە پێی زانیارییەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو پاش ئەوەی کە کچێکی تەمەن ١٤ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی "مەهسا وەلیزادە" کچی کەریم بە شێوەی خۆ خنکاندن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، درووست چەمد کاتژمێر دوای خۆ کوژی "مەهسا" کچە کوردێکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە کە هاوکلاسی "مەهسا" بە ناوی "سارینا وەیسمورادی" کچی "عەلی" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ژنان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە تایبەت ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەکوو شارۆمەندانی پلە خوار ئەژمار دەکرێن و بە خراوترین شێواز دەچەوسێنەوە.
کولتووری چەوت و سەقەتی پیاو سالارانە لە ئێران و کوردستان ژنانی ئەو کۆمەڵگایە بە خراوترین شێوەکان دەچەوسێنێتەوەو کۆماری ئیسلامی ئێران بە یاسا پشتیوانی لەو دیاردەیە دەکات.
بە هۆی چەوساندنەوەی ژنان لە ئێران و کوردستان و بارودۆخی نالەباری ئابووری و هەژاری و بێکاری و نەبوونی پەروەردەی درووست و نەبوونی ئومێد بە گۆڕان لە داهاتوو، ڕۆژانە ژنان لە ئێران بە تایبەت کوردستان پەنا بۆ دیاردەی دڵ تەزێنی خۆ کوژی دەبەن و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ئەم دیاردە دڵ تەزێنە بۆ نێو کچانی ژێر هەژدە ساڵ پەرەی سەندووە و کارناسانی سیاسی و لێکۆڵەرانی بواری کۆمەڵناسی ئەم دیاردەیە بە زەنگێكی پڕ مەترسیدار بۆ کۆمەڵگا دەزانن.
پێویستە بوترێت کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەگەلی ژنان و ... بێ کاریگەر نەبوون لەسەر کەم کردنەوەی ڕێژەی خۆکوژی ژنان بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ژنان بە خراوترین شێوە دەچەوسێنەوە و هیچ ئازادییەک بۆ درووست کردنی ڕێکخراوەگەلی سەربەخۆ نیە و ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر چالاکانی پێشڕەو دەستیر، ئەشکەنجە، ئێعدام و ... دەکرێن، ناتوانرێت بە تەوای پێش بەم دیاردە دڵتەزێنە بگیردێت.
خۆکوژی دیاردە و شێوازێکی ناڕەزایەتیە یا لە هەندێک حاڵەت دا نەمانی ئومێدە بۆ ژیان بۆ گۆڕان و ژیانی داهاتوو کە کاریگەرییەکانی ئەو دیاردەیە لە کورت ماوە و درێژ ماوەدا زیان بە بنەماڵە و کەس و کار و تەنانەت کۆمەڵگایش دادەنێت.

لێرەدا جێی پرسیارە کە ژنان و کۆمەڵگای مەدەنی دەبێت تا کەی لە ئاست ئەم بارودۆخە و چەوساندنەوەی ژنان بێدەنگ یا کاردانەوەی پێویستیان نەبێت و ژنان دەبێت ب چ ئاستێک لە شێوازی ژیان بگەین کە ئەم دیاردە دڵ تەزێنە کۆتایی پێ بێت و چیتر ژنان نەبن بە قوربانی ئەم بارودۆخە ترسناکە؟ بەڵام ژنانی ئێران وکوردستان دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە تەنیا بە موبارزە و تێکۆشانە کە دەتوانن بە مافەکانی خۆیان بگەیەن چوونکە ئەگەر دیاردەی خۆ کوژی درێژەی هەبێت ژنان ئەو شێوازە لە ناڕەزایەتی بۆ کۆتایی هێنان بە بارودۆخی مەجوود بە کار بهێنن ئەوە ژنانی دیکەش چاولێگەری دەکەن و بەو شێوەیە ئەو دیاردەیە پەرە دەسێنێت و لە لایەکی دیکەوە ئیمکانی ئەوەی کە هەندێک کەس بە پاساوی خۆ کوژی کردن ژنان بکوژن و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو کەم نەبوون ئەو نموونانە کە ئەو پاساوەیان هێناوەتەوە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش لە ئاستی بێدەنگ بووە.

ئه‌م بابه‌ته 286 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:12:27/02/2020