ڕاگرتنی کۆکردنەوەی یارمەتی لە لایەن کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات و تەواو کردنی قۆناغێکی سەرکەوتووانەی ئەو کەمپەینە

ڕاگرتنی کۆکردنەوەی یارمەتی لە لایەن کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات و تەواو کردنی قۆناغێکی سەرکەوتووانەی ئەو کەمپەینە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات:کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات کۆ کردنەوەیارمەتییەکانی بۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەی کاتی ڕاگرت.

کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە لایەن کۆمەڵێک لە چالاکوانانی دەرەوەی وڵات بە مەبەستی کۆ کردنەوەی یارمەتی و گەیاندنی ئەو یارمەتییانە بە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە بارودۆخێکی مەترسیداردا لە ژێر سایەی نەخۆشینی کۆرۆنا و کەمتەرخەمی چارەسەری کێشەی خەڵک لە لایەن حاکمیەتەوە کە ژیانی خەڵکی لە بارودۆخێکی مەترسیداردا دانبوو دەستی بە چالاکی کرد و لە لایەن جەماوەرێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی، هونەری، مەدەنی، مافی مرۆڤ و ...پشتیوانی لێ کرا
.

ئەم کەمپەینە کە لەو ماوەیەدا دەستی بە کار کرد، تا ئیستا توانیویەتی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەم کردنەوەی زیانەکانی نەخۆشینی کۆرۆنا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دابنێ و ئەم بەشە لە چالاکییەکانی بە سەرکەوتووانە تێپەڕاند.

 

 

دەقی ڕاگەیاندنی کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات بەم شێوەیەی خوارەوەیە.

راگەیاندنی کۆتایی یارمەتی کۆ کردنەوە لە لایەن کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات

هاونیشتمانانی بەڕێز!

جەماوەری دڵسۆز و خەمخۆری هەژاران

وەک ئاگادارن پێش هاتنی ڤیرووسی کۆڕۆنا خەڵک لە ئێران بە گشتی و لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان لە دۆخێکی دژواردا بوون، بە هاتنی ڤیرووسی کۆڕۆنا، داخرانی ناوەندەکانی کار و وەستانی کار و کاسبی لە لایەک و ناکارامەیی و نابەرپرسی دەسەڵاتدارانی حاکم بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکدا، دۆخی ژیانی هەموو خەڵک بە گشتی و چین و توێژی کەم داهات بە تایبەت چەند قات تووشی گرفت هات.

دەسەڵاتداران لە ئاست چارەسەر کردنی ‌گرفتەکانی خەڵک دەستەوستان بوون و ئەو تۆزە توانایەش کە هەیان بوو لە بەدەمەوە هاتنی خەڵک درێغیان کرد. بەو هۆکارانە خەڵک خۆیان ڕێکخست ‌و دەست بە کار بوون، شوڕای گەڕەکەکان دروست کرانەوە، خەڵکی خەمخۆر لە ناو کەمپەینەگەلێک خۆبەخشانە یەکیان گرت و بە هانای خۆیان و هەژارانی نیشتمانەوە هاتن.

بە هەست کردن بەو ڕاستییانە ئێمەیش وەک چالاکانی نیشتەجێ لە دەرەوەی وڵات بەرپرسیاریەتیەکەمان لە سەر شانی خۆمان هەست پێ ئەکرد. هەر بۆیە ئێمە کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدەنی لە دەور یەک کۆبووینەوە و کەمپەینێکمان بە ناوی "کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات" دروست کرد، تا بەڵکوو بتوانین بە هەوڵ و هیمەتی ئێوە ئازیزان دەستە پارەیەک بخەینە سەرخەرمانی یارمەتییەکان و لە ڕاستای یارمەتیدان بە هاونیشتمانییانمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەنگاوێکمان هەڵهێنابێتەوە.

بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی‌ جەماوەر لە کەمپەینی "‌هانای ڕۆژهەڵات" لە ئاستی چاوەروانییەکانی خۆمان زۆر بەرینتربوو. پاش ڕاگەیاندنی دەست بەکاربوونی کەمپەینی "هانای ڕۆژهەڵات" لە ١٣ وڵات خەڵکانی خۆبەخش بوون بە هاوکار و کومیتەی کەمپەینیان لە وڵاتەکانی نیشتەجێ بوونیان پێکهێنا. بەسەدان چالاکی سیاسی، مەدەنی، وەرزشوان، خوێندکار و مامۆستای زانکۆ، هونەرمەند، ئەدیب و نووسەر، کەسایەتی سەربەخۆ، هەڵسووڕاوانی بوارەجیاجیاکان بە دەربڕینی پشتیوانی‌ خۆیان لە کەمپەینی"هانای ڕۆژهەڵات "، بوونە هاندەر بۆ بەردەوام بوونمان و بەدەمەوە هاتنی جەماوەر. بە سەدان کەسی دیکە لە بواری ماڵییەوە متمانەیان پێ کردین و یارمەتییەکانی خۆیان دایە دەست کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات و لە ڕێگای ئێمەوە گەیاندرایە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لەوێش بە بێ جیاوازی لە نێوان نیازمەنداندا دابەش کران.

ڕاستە ئێمە نەمانتوانی هەموو هیوای خۆمان، یانی چارەسەری هەموو گرفتی هەژارانی وڵاتمان بێنینە دی، بەڵام سەر بەرزین بە هاوکاری و دڵسۆزی و بەدەمەوە هاتنی ئێوە جەماوەری دڵسۆز کە بە یارمەتییەکانی ئێوە توانیمان، یارمەتی بگەیەنینە ٤٥ شار و ناوچە لە زیاتر لە پێنج پارێزگا، پارێزگاکانی، لوڕستان، ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ و کوردەکانی دەماوەند.

بەناوی لێژنەی بەڕێوەبەری کەمپەینی "هانای ڕۆژهەڵات"سوپاسی هەموو ئەو دڵسۆزانە ئەکەین وا لەم دۆخەدا بە هانای خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتن.

بەڕێزان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە، دۆخی قەرەنتینە لابردراوە و ژیان تا ڕادەیەک گەڕاوەتەوە دۆخی پێش کۆرۆنا، ئێمەیش وەک لێژنەی بەڕێوەبەری کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات وێڕای سوپاسی بێ پایانمان بۆ هەموو ئەو ئازیزانە کە بۆ بە هاناوە چوونی خەڵکی ڕۆژهەڵات کەمپەینی"هانای ڕۆژهەڵات"یان هەڵبژارد، لێرەوە ڕای ئەگەیەنین کە پڕۆسەی یارمەتی کۆکردنەوە ڕائەگرین و چالاکیی یارمەتی کۆکردنەوە ئەوەستێنین.

شایانی وتنە هەموومان ئەزانین کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ناو چوارچێوەیەکی چوغرافی هەلکەوتوە کە سەرچاوەی قەیران و گرفت و موشکلاتە. ئێمە وەک کەمپەینی"هانای ڕۆژهەڵات" لە داهاتوودا ‌بەردەوام ئەبین لە بەدەمەوە هاتنی ‌هاونیشتمانمان لە کاتی پێویست یان کاتی ڕووداوە چاوەروان نەکراوەکاندا.

دیسانەوە سوپاسی هەموو بەدەمەوە هاتن و متمانەتان ئەکەین و سەربەرزین بە بوونتان. دڵنیاین ئەگەر پێکەوە بەردەوام بین لە هاوکاری، ئەتوانین لە پێناو خزمەت بە مرۆڤایەتی هەنگاوی گەورە بۆ مڕۆڤی نیازمەند و بۆ نەتەوەی کوردیش هەڵبهێنینەوە.

لیژنەی بەڕێوەبەری کەمپەینی هانای ڕۆژهەڵات

١٣ی٥ی٢٠٢٠

 


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:05:14/05/2020