بازاڕی بورس، بۆ خزمەت بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی

بازاڕی بورس، بۆ خزمەت بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی

ئالان سەلیمی

 

هەنووکە کۆماری ئیسلامی لە خراپترین دۆخی ئابووری چەند دەیەی پێشوو دایە و لە گۆماوی ئەم گەمارۆکاندا پەلەقاژەیەتی. زانیارییەکان لە قووڵایی شەقام و کۆمەڵگای ئێراندا هەواڵی خاڵی بوونی گیرفانی خەڵک دەگەیەنن. خەڵکی ئێران بۆ دابین کردنی خواردنی ستانداردی ڕۆژانەی خۆیان تووش کێشە هاتوون و ڕێژەی بێکاری سەرسوڕ هێنەرە. خەڵکی هەژاری کورد لە تاو هەژاری و نەبوونی ڕوو دەهێننە کۆڵبەری لە حاڵێکدا کە دەزانن چەکدارانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی سیستماتیک دەیانکەنە ئامانجی تەقەی ڕاستەو خۆ. بەڵام لە حاڵێکدا کە ئابووری ئێران هەموو سەرمایە گوزارێک دەترسێنێت و لە بازاڕە بورسەکانی ئێران دوور دەخاتەوە، بازاڕی بورسی ئێران سەری لە ئاسمان داوە و بە شێوەیەکی نەگونجاو و سەیر و سەمەر بورسی ئێران بەرەوە زۆر بوون چووە.

چوونە سەرەوەی شاخسی بورسی وڵاتێک پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ شاخسە کەڵانە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە و سەرمایەگوزاران ئەم شاخسانە هەڵدەسەنگێنن پێش ئەوەی سەرمایە گوزاری بکەن لە بازاری بورسی ئەو وڵاتە دا (چ دەرەکی بن چ ناوخۆیی). لێرەدا چەند داتا و ئامارێک دەخرێتە ڕوو کە بۆچی ئابووری ئێران لە دۆخی ئاوا خراپ دایە و ئەم ئیدعایە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت:

یەکەم: بە پێی ڕاگەیەندراوی IMF ڕێژەی هەڵاوسانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٣٧ لە سەد و لە ٢٠١٩ دا ٤١ لە سەد بووە و پێش بینی دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٣٤ لە سەد بێت.

دووهەم: بە پێی IMF ڕێژەی باڵاکردنی ئابووری ئێران لە ٢٠١٨ دا نێگەتیڤ ٥.٤ و لە ٢٠١٩ دا نێگەتیڤ ٧.٦ بووە و لە ٢٠٢٠ دا دەبێتە نێگەتیڤ ٦.

سێهەم: بووجەی گشتی ئێران لە ساڵی ١٣٩٩ هەتاوی دا کورتهێنانی ٤٠ تا ٥٠ لە سەدی هەبووە.

چوارەم: بە پێی هەواڵە ڕەسمییەکان ڕێژەی بێکاری لە ئێران پێش فیرووسی کۆرۆنا ٣.٢ میلیۆن کەس بووە و ئەم ڕێژەیە لەوانەی خۆی لە ٦.٤ میلیۆن کەس بدات.

پێنجەم: هەناردە کردنی نەوت کە گەورەترین سەرچاوەی ماڵییە بۆ کۆماری ئیسلامی لە خراپ ترین دۆخی چەند دەیەی پێشوو دایە. فرۆشی نەوتی ئێران نزم بۆتەوە تا ڕێژەی ١ لە ٦ تا ١ لە ٧ سێ ساڵی ڕابردوو و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و کەمی خواستی بازاڕی جیهانی بۆ "نەوت" لە سەردەمی کۆرۆنا، نرخی بۆشکەیەکی بۆ ژێر١٠ دۆلار دابەزاندووە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە بوجەی ئێران لە سەر بنەمای فرۆشی نەوت بە بۆشکەیەک بە ٥٤ دۆلار دارێژراوە.

شەشەم: ئەتمۆسفێر و شانۆی ئابووری ئێران زۆر خراپە و چیی متمانە نییە بە هۆی دەستێوەردانی حکومەت و ناوەندەکانی سەر بە حکومەت لە کاروباری ئابووری دا، ناوبانگی خراپی ڕێز بۆ مافی خاوەندارێتی، ڕێژەی فەساد و فاکتەری دیکە کە دەرفەت بۆ سەرمایەگوزاری دەرەکی لە کەرتە جیاجیاکانی ئابووری لە ئێران تووشی گرفتی جیددی بکات.

حەوتەم: لە شانۆی ژێئۆپۆلەتیکی ئیران لە ناوچە دا، ئێران بە وڵاتێکی نائاسایی ناو دەبردرێت و کۆمەڵێکی زۆر لە کاناڵە پوڵی و ماڵییەکانی داخراوە و لە ژێر گوشار دا تێک شکاوە.

هەشتەم: ئێران لە ناوچەکەدا بەردەوام تووشی کێشە دێت لەگەڵ دراوسێ دوور و نزیکەکانی و لە ئاڵۆزی، بشێوینانەوە و سیاسەتی شەڕەنگیزانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، ناوی کۆماری ئیسلامی دەدرەوشێتەوە.

هەموو ئەم فاکت و فاکتەرانە دەبێ ببنە هۆی ئەوەی کە شاخسی بورسی ئیران دابەزێت، بەڵام پرسیاری سەرەکی و گرنگ ئەوەیە کە چی بۆتە هۆی چوونە سەرەوەی شاخسی بورسی تاران؟

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی، لە وتەبێژییەک دا وتی: "وڵاتانی دەرەوە سەرەیان سووڕ ماوە لە ڕەونەق و گەشەی بازاڕی بورسی تاران". ئابووریناسانی دەرەکی ئەم دیاردەیە بە نالەبار دەزانن، بەڵام تەنیا دەرەکییەکانی نین کە ئەم دۆخەی بازاڕی بورسی تاران بە نالەبار دەزانن و کاربەدەستانی ئێرانیش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئەم دۆخە.

هەندێکی زۆر لە ئابووریناسان و ڕۆژنامەوانان لە ئێرانیش ڕەخنەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان دەربڕێوە. لە ڕاستیدا هۆکاری چوونە سەرەوەی شاخسی بورسی تاران پەرەپێدانی حکومەت بە "سەرمایە گوزاری" خەڵکانی سەرمایەگوزار لە بازاڕی بورسە. لە بازاڕی بورسی ئێران هیچ خەبەرێک لە سەرمایەگوزارانی دەرەکی نییە و تەنیا کەسانێک کە بورسییان تەقاندۆتەوە سەرمایەگوزارانی ورد و نالێهاتووی ئێرانین لە ناوخۆی وڵات. دەوڵت بە کەڵک وەرگرتن لە ئەسڵی ٤٤ی یاسای بنەڕەتی بۆ فرۆشی پشک و سەهامی سەرمایەکانی دەوڵەت بە کەرتی تایبەت کە لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێراندا بە "خصوصی سازی" دەناسرێت، هەوڵی داوە پشکی سەرمایەکانی دەوڵەت بە خەڵک بفرۆشێتەوە لە بری پێدانی "ئەوراقی بەهادار" (کاغەزی بەنرخ). بەمجۆرە خەڵک پوڵ و پارەی خۆیان دەدەنە دەست حکومەت و لە بری ئەو سەرمایەیە، کاغەزێک وەردەگرن؛ کاتێک کە بورس دادەبەزێت، ئەو کاغەزانەی کە خەڵک پێیانە زۆر زۆر کەمتر نرخی دەبێت و بەم جۆرە حکومت پوڵی پێویستی خۆی لە گیرفانی خەڵک دەردێنێت.

ئێستا پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەوەی کە بۆچی کۆماری ئیسلامی ئەم شانۆیەی ڕێخستەوە و پوڵی گیرفانی خەڵک هەڵدەلوشێت؟ ئاماژە پێدان بە چەند خاڵ دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بێت، بەڵام لە نیوان هەموو وڵامە کان وەکوو قەرەبوو کردنەوەی کورتهێنانی بوجەی گشتی و کڕینی چەک و چۆڵی نوێ بۆ دوبارە ڕێکخستنی هێزی ئاسمانی و زەوی، درووست کردنی چەکی ناوکی مەنتقی ترین و لۆژیکی ترین وڵامە بۆ پرسیارەکەی سەرەوە.

بە پێی لێکدانەوەی کۆمەڵێک لە لێکۆڵینەوەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆر، کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٩٠ی زایینییەوە هەوڵ دەدات بۆ دروست کردنی چەکی ناوکی. دروست کردنی چەکی ناوکیش تێچوویەکی یەکجار زۆری دەوێت؛ بە تێچوو مەبەستمان پوڵ، هێزی مرۆیی، کەل و پەل و کەرەستەی پێویست و هتد. ئێران بۆ زیندوومانەوە و ڕاگرتنی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچە و جیهاندا پێویستی بە چەکی ناوکی هەیە بۆ ئەوەی کە بتوانێت سیاسەتە ئیدۆلۆژیکەکانی خۆی داسەپێنێت.

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە ئێران بەردەوام خەریکی دروست کردنی چەکی ناوکی بووە و بەم هۆیەوە ئەمریکای لە ڕێککەوتننامەیJCPOA هێنایە دەر. لەو کاتەوە ئاڵۆزی سەبارەت بە دروست کردنی چەکی ناوکی لە ئێران زۆرتر بووە و هەنووکە هەوڵی ئێران بۆ درووست کردنی چەکی ناوکی شاراوە نییە، بەڵام ئێران بۆ بەرهەم هێنانی چاکی ناوکی پێویستی بە پوڵ و سەرمایەیەکی زۆر هەیە و بە هۆی ئەو خاڵانەی کە ئاماژەمان پێدا ئابوورێکی شەلەل و داتەپیوی هەیە. کەواتە یەک ئاڵتێرناتیڤ دەمێنێتەوە بۆ دابین کردنی پوڵی پێویست بۆ درووست کردنی چەکی ناوکی و ئەویش کەڵک وەرگرتن لە بازاڕی بۆرسەیە و دەرهێنانی پوڵ لە گیرفانی خەڵک.

کۆماری ئیسلامی تەنیا لە هەوڵی پەرەپێدان بە دەسەڵاتی ناوچەیی و بەربڵاو کردنی "هەلالی شیعە" یە. لە نێوان دەست وەشاندنی ئێران بۆ سەر ناوچە و تەنانەت وڵاتانی دەرەوەی ناوچە و بەرانبەر بوونەوەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، زیانبار خەڵکانی ئێرانن. خەڵکێک کە لە نێوان ئەم شەڕە زیانبار و نا پێویستەدا لە حاڵی شکان و ورد بوون دان. هەموو ڕۆژێک هەواڵی خۆکوژی لە دڵی کۆمەڵگای ئێرانەوە دێتە دەر. کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا لە هەوڵی دروست کردنی چەکی ناوکی دایە کە کۆمەڵگاکەی لە برسان وەزاڵە هاتوون. کۆماری ئیسلامی خەریکی قوربانی کردنی خەڵکەکەیەتی بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی.


ئه‌م بابه‌ته 70 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:14:20/05/2020