دوایین نزای دیکتاتۆڕ

دوایین نزای دیکتاتۆڕ
ئارام بوداغی
رۆژی هەینی ۲۷ی بەفرانبار خامنەیی دەسەڵاتداری یەکەم و دیکتاتۆڕی ئێران دوایین پێشنوێژی تەمەنی پڕ جەنایەتی لەوپەڕی بێ هیواییدا کرد. پێداهەڵکوتن بە رژیمەکەی و سیستەمی دەسەڵاتدار، سپا و پارێزەرانی دەسەڵاتەکەی و بێ بەری بوون لە هەر جۆرە رەخنە و کەموکووڕییەک و هەڕەشە و شیر و تیر کێشان لە خەڵکی ناڕازی پوختەی قسەکانی بوو. هیچ باسی هەقدەستی نەدراوی کرێکاران، هەژاری، برسێتی و بێکاریی و کێشە زۆر و زەوەندەکانی کۆمەڵگای نەکرد. 
سپای خامنەیی فڕۆکەی ئوکڕاین دەخاتە خوار و سێ رۆژ ئەم جەنایەتە ئاشکرا ناکەن و نکۆڵی لێ دەکەن و جەنابی دیکتاتۆڕیش وەک فەرماندەی گشتی و "رێبەر"ی ئێران ئاگاداری هەموو شتێک بوو بەڵام دەیویست بە هەر نرخێک بێ راستییەکەی بشارێتەوە. دوای گوشاری زۆر نێودەوڵەتی ناچار دانیان پێدا هێنا. مانگی پووشپەڕی ۱۳۷٠ ئەمریکا فڕۆکەیەکی ئێرانی بەرداوە و خێرا داوای لێبوردنی کرد و وتیان بە هەڵە لێمانداوە و غەرامەتیشیان دا. ئەودەم جەنابی دیکتاتۆر وتی: "...هەڵەیان کردووە!؟ غەڵەت دەکەن هەڵە دەکەن..." ئێستاش بەم جینایەتە عەمدەی خۆیان دەڵێن: "هەڵەی ئینسانی". لە نوێژی هەینیش لەباتی شەرمەزاری و داوای لێ بوردن لە خەڵک، سپاسی "دڵسۆزی و زەحمەتەکانی" سپاکەی کرد. زۆر بێشەرمانە تەنیا سپاکەی بە "میللەت"ی خۆی یا ئێرانی دەزانێ و هەموو ناڕازییان دەخاتە دەرەوەی بازنەی "میللەت" و ئێرانی. هەڵبەت کاتی خۆی شای ئێرانیش لە ژێر گوشاری خەڵکدا شتێکی وای وت بەڵام زۆری نەخایاند خەڵکی ناڕازی لە ئێرانیان دەرپەڕاند. 
سیستان و بلوچستان سێڵاو بردوویە کارەساتێکی مرۆیی و کاولکاری و وێرانییەکی زۆر خوڵقاوە و خەڵکی هەژاری بلووچ ماڵوێران بوون، کەچی جەنابی دیکتاتۆڕ هەر بۆی گرنگ نەبوو. 
لەو خەڵکانەی کە بە زۆر بۆ پێشوازی و ناشتنی تەرمی قاسم سولەیمانی له شارەکانەوە راپێچ درابوون نزیکەی ٦٠ کەس لە کرمان لە بن پێیاندا مردن و سەدان کەس بریندار بوون لەباتی ئارەقەی شەرم، فرمێسک بۆ فەرماندەی تیرۆر و کوشتار هەڵدەوەرێنێ و مەرگی ئەو خەڵکە بە فەخرێک بۆ خۆی و رژیمەکەی دەزانێ. هەڵبەت زۆری نەخایاند خۆپیشاندەران وێنەکانی قاسم سولەیمانییان دڕاند و "سولەیمانی قاتڵە ـ رێبەرەکەی جاهیلە" بوو بە دروشمی خۆپیشاندەران کە ئەو هەڵوێستەی خەڵک خامنەیی زۆر تووڕە کرد.
لە ماوەی دوو حەوتوودا ئەو هەمووە رووداوە لە ئێران هاتە پێش که هەموویان ئەوپەڕی شڵەژاوی و شڵەقاوی و ناکارامەیی خامنەیی و هەموو رژیمەکەی بە جوانی پێوە دیار بوو. ئەمریکا فەرماندەکەی دەکوژێ کەچی بۆ "تۆڵەی سەخت" نەیانوێرا خوێن لە کەپۆی سەربازێکی ئەمریکا بێنن. بەڵام رێک "تۆڵە سەختەکە" لە خەڵکی ئێران دەکەنەوە و بە مووشەک پێیانەوەدەنێن یا لە سەر شەقامەکانی لە پشتەوە یا راستەوخۆ تەقەیان لێ دەکەن. 
خامنەیی لە کاتێکدا پفی بە میکرۆفۆندا کرد کە هێشتا نەهرەتەی شێرانە و پژواکی دروشمەکانی خەڵکی خۆپیشاندەر و نارازی لە شەقامەکانی تاران و باقی شارەکان هەر دەنگی دەدایەوە. هەر ئەو دروشمانە کێچی خستۆتە کەوڵی دیکتاتۆڕی ئێرانەوە و خەوی لە چاو زڕاندەوە بۆیە ناچار بوو بە رەنگ زەردییەو بێتە نوێژی هەینی و بڕشێتەوە. 
دەسەڵاتدارێک کە دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی رەها هەر بە زمانی هەڕەشە و تۆقاندن لەگەڵ خەڵکەکەی بدوێ، رێبەرێک که بەرهەمی ٤٠ ساڵی حکومەتەکەی ئەوە بێ تەنیا بەشێک لە نیزامییەکان واتە سپای پاسداران و بەسیجی وەک هێزی پارێزەری خۆی بە دەورەوە مابێ و باقی کۆمەڵگاکە بە "فریو دراوی دوژمنان"، "بەکرێگیراوی دەرەکی"، "هەرزە و هەزەلی"، "نۆکەری رۆژئاوا" و چەندین شتی لەم بابەتە تاوانبار بکا، ئەی کەس ناپرسێ ئەو ٤٠ ساڵە ئەو گشتە ئایەتوڵڵایە بەو دەسەڵاتە زۆرەوە لە چوارچێوەیەکدا کە بۆ خەڵکیان داتاشیوە چییان بۆ خۆیان پەروەردە کردووە؟
لەم ٤٠ ساڵەدا بۆ سەقامگیر بوون و داسەپاندنی بیر و باوەڕ و دەسەڵاتی خۆیان بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا، سیستەمی پەروەدەیان کردە ئیسلامی، کتێب و کتێبخانەکانیان سووتاند، نووسەر و رووناکبیرەکانیان کوشت یا دەربەدەر کرد، سانسۆڕی توندیان خستە سەر کتێب و بڵاوکراوەکان، هەناسەی ئازادیان لە گەرووەکاندا قەتیس کرد، بە میلیارد دۆلاریان بۆ تەبلیغاتی دینی و داسەپاندنی باوەڕی دواکەوتوانەی خۆیان تەرخان کرد، هەزاران چالاکی سیاسی و مەدەنی و خەڵکی ناڕازییان کوشت یا گوللـەباران کرد، رەشانگیان بە سەر وڵاتی ئێراندا کێشا کەچی هەر ئەو نەوەیەی کە بە شیوەی داتاشراوی مەلاکان و دامودەزگای رژیم پەروەردە کراون ئێستا لێیان هەڵگەڕاونەتەوە و دێنە سەر شەقام و پڕ بە گەروویان دروشم لە دژی بنەماکانی رژیم دەدەن و داوای رووخانی ئەم حکومەتە دەکەن. هەژاری و بێکاری بەرۆکی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووە و زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگایەک کە گۆیا خامنەیی رێبەر و گەورەیەتی دژی دەسەڵات و سیستەمەکەی ئەون بەڵام لە تاو گیانی خۆیان و چنگی خوێنینی سپا نەدەهاتنە سەر شەقام. 
بە هەموو حساب و بە وتەی دەسەڵاتدارانی ئێران رژیم لە پەروەردەیەک کە خۆی لە قالبی دابوو شکستی خواردووە. لە بەڕێوەبەرایەتی وڵات و سیستەمی ئابووری و کار و ئەمنییەتی شارۆمەندان و دابین کردنی ژیانێکی ئابڕوومەندانە بۆ خەڵکەکەی ناسەرکەوتوو بووە. بەشێک لەو گەنجانەی دێنە سەر شەقامەکان و سنگیان بە گولەوە دەنین باوکیان پاسدار یا شەڕکەری جەنگی ئێران و عێڕاق بوون. 
لە قسەکانی خامنەیی و مەلا و کاربەدەستان دەردەکەوێ کە ئەو ٤٠ ساڵە رژیمەکەیان هەر "دوژمن، نەیار، هەرزە و هەزەلی، ساویلکە و فریودراو، نۆکەری بێگانە و سیخوڕ و ستوونی پێنج و..." کەسانی ئاوایان لە دژی خۆیان پەروەردە کردووە. 
خامنەیی خۆی وەک دمڕاست و "وەکیلی ئیمامی زەمان" ناودێر کردووە و وا دیارە دەستی غەیبی "بەهێزی" "مەهدی" و "عەباس" و خودا و پێغەمبەری لە پشتە. زاتێکی ئاوا گەورە چ حەوجی بە مووشەکە؟ بۆ ٤٠ ساڵە سەرمایەی ئەم وڵاتە بۆ چەکوچۆڵ و پەروەردەی تیرۆریزم بە فێڕۆ دەدەن؟ بۆ له دوو رۆژدا پتر لە ۱٥٠٠ کەس خەڵکی ناڕازی لە سەر شەقامەکان دەکوژن؟ ئەگەر حکومەتی ئەڵڵایە لێگەڕێن با خودا و ئیمامە "مەعسوومەکان" بیپارێزن. خامنەیی ئەگەر ئاوا بە خودا پشت ئەستوورە بۆ له چنگ خەڵکی ناڕازی کە مەخلوقی خوداکەی ئەون زەندەقی چووە و زراوی تۆقیوە؟ 
لە سەرەتای پاییزەوە "هیلالەکەی" مانگی شیعە گیراوە (کە ٤٠ ساڵە سەرمایەی وڵاتی ئێرانی بۆ بە فیڕۆ دەدەن). تازەش هیلالی ئاوات و ئیدۆلۆژیی رژیمی ئیسلامی هەڵنایەتەوە. لە بەیرووت و بەغدا سەدان هەزار کەس دژی رژیمی ئیسلامی هاتوونە سەر شەقام و ٤٠ ساڵ رەنجی خامنەیی و رژیمەکەی بۆوە بە رەنجی قالۆنچە. لە ئێرانیش ترسی خەڵک شکاوە و ئێستا خەڵکی هەژار و نەدار بۆ درێژەدان بە ژیان و بۆ نان و مان هیچ رێگایەکیان جگە لە خرۆشان بۆ نەماوەتەوە. 
خامنەیی بە تەواوی هەستی بەو مەترسییە گەورەیە کردووە و گزینگ و تیررێژی دم کەل و ئاسۆی روون، شەقی بە شەوەزەنگ و مێژووی تاریکی دەسەڵات و رژیمەکەی داوە. هەموو ئەوانە نۆبەتێ و لەرزی خستۆتە جەستەی "نەخۆش و نوقسانی" خامنەیی و رژیمی ئیسلامی. تازە نە نوێژ و نەزا، نە "مەهدی" و مووشەک، نە زیندان و کوشتار و هەڕەشە هیچیان نابنە دەرمان بۆ گیانی ئەو رێبەر و رژیمە کڵۆڵ و هەڵۆڵ و هیلاکە. هەر بۆیە نوێژی هەینی خامنەیی، نزای دیکتاتۆڕێکی بێ هیوا و نوێژی سەر تابووتی رژیم و دەسەڵاتەکەی بوو.