کەیوان فەرامەرزی
ئایا فازی کۆتایی ڕووخانی حکومەتی دیکتاتۆڕیی تۆتالیتر و فاشیزمی مەزهەبی شیعە دەستی پێکردووە؟ ئایا بەراوەردی خامنەیی لە گەڵ نموونەی مووسولینی، هیتلێر و ... درووستە؟ ئایا دوای ڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامی، شڵەژانی ئێران کارەساتی لێ دەکەوێتەوە؟
زۆر کەس دەڵێن بە لە بەر چاوگرتنی ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی نوامبری ڕابردووی ناوخۆی ئێران خەڵکی ئێران دوایین فازی گۆڕینی دەسەڵاتی حکومەتیان دەست پێ پێکردووە.
جیا لە سەرکوت، ئیعدام ، ڕەوانەکردنی ناڕەوای هاووڵاتییان بۆ بەندیخانەکان و سەدان تاوانی دیکە، لە بەر ئەوەی برسییەتی گەیشتۆتە لوتکە، بۆ نموونە تەنانەت بە نووسراوە لە سەر دیواری جادە و شەقامەکان بە ئاشکرا دەبیندرێ کە لاوان و ژنان ئەندامی لەشیان داناوە بۆ فرۆشن گورچیلە و بەشەکانی دیکەی لەش لە وانە گلێنەی چاو!، لە بەر ئەوەی وڵامی هەر ناڕەزایەتییەک بە زەبری تۆقاندن و کوشتن کپ کرا، لە بەر ئەوەی گەندڵی زیادی کردووە و هەروەها بەفێڕۆدانی داهاتی وڵات لە پێناو خەیاڵی پەرەپێدانی شێعەگەری، جەماوەری بە تەواوەتی بێزارتر کردووە، جیا لەوانە لە بەر ئەوەی گومان لەوەدا نەما کە دەسەڵاتداران خەڵک و بنکە و ناوەندە ئاینییەکان و تەنانەت زۆر ڕۆشنبیر و سیاسەتوانی فریودا، ئەوانە و سەدان تاوان و خۆڵقاندنی کارەساتی دیکە، بوونە هۆکاری بێ باوەڕیی خەڵک بە ڕێفۆڕم بێ باوەڕی بە ئاواتی باشتربوونی حکومەت.
ئەوەی خەڵک لە مانگی خەزڵوەردا بەناوی شۆڕش تۆماری کرد و زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بە فەرمانی نوێنەری خودا کەوتنە بەر تیری هێزەکانی سەرکوتگەر وە سەدان کەس کەم ئەندام و بێ سەرو شوێن کران، هەروەها ئەوە کە ئاخێزی جەماوەر زۆربەی چێن و توێژەکانی کۆمەڵگای لە خۆ گرت، ناڕەزایەتییەکان ئیتر تەنیا سەر بە یەک چین نەما و زۆربەی لایەکانی کۆمەڵگای لە خۆ گرت فەقیر و بەشێک دەوڵەمەندان، بێکار و کرێکار، نەتەوەی دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، ژنان، پیاوان و لاوان کە زۆرینەی ناوەندنشین و هەموو شار و شارۆچکەکانی زۆربەی عێرانی گرتەوە، هەروەها جیا لەوانە پێشتر لق و پۆقی دەسەڵاتدارانی ئێران لە عێراق، سوریە، لوبنان، یەمەن و باقی شوێنەکانی دیکە لە سەر سنوورەوە زەلیل کران، هەمووی ئاماژەیە بە ئەوە کە زەنگی دەستپێکی وەلانانی حکومەتی دیکتاتۆڕیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ڕابردۆوە لێدراوە.
ئاوڕدانەوەیەک بە ڕووداوەکان و بەراوەردی سەردەم لە گەڵ مێژوو، پێمان دەڵێ هێزی کۆماری سێدارە نە نموونەی هیتلێڕە نە ستالین. بەرپرسانی گێشتاپۆ زۆربەیان خوێندەواری باڵایان هەبووە هەموو ئەوانەی لە ناو گێشتاپۆدا بوون خوێندەوار بوون ڕاسیست بوون و ڕەگەز پەرەستی بنەمایان بووە کەچی بەسیجی و ئیتلاعاتی بە پارە کار دەکەن و زۆربەیان لە نەتەوە جیاوازەکانی ناو ئێرانن وە بە کرێگیراون تەنانەت هاوەردە لە وڵاتانی وەک لوبنان، فلستین و عیراق بیندراوە بۆیە پتەو نین و لەرزۆک و کاتین. زەمانی هیتلێر هێڵی پەیوەندی تەنیا ڕادیو بوو، جگە لە ناوەندە حکومییەکان هەموو کەس خاوەن تێلەگراف نەبوو کەچی ئێستا هەر کەس لە ناو ئێران خاوەن تەلفۆنی دەستی و پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو غولە زەبەلاحە پوڵایینە نییە کە ئاخێزی جەماوەر لێی بترسێ، لە لایەک ناو خۆ هڵۆڵ بوە لە لایەکی دیکە ئەوەی داکۆکی لێدەکات تەنها لە پێناو پارە و دەسەڵاتە، قەیرانی کۆماری ئیسلامی تەنیا ئەوانە نین بەڵکوو عەقیدەکەشیان درزی تێکەوتوە تەنانەت لە سەر کوشتنەکان کێشەیان هەیە هەروەها لە دنیایی دەرەوە خاوەن دۆست نییە و پاش زیاتر لە ٤٠ ساڵ نەیتوانیوە پشتیوانێک بۆ خۆی ڕێک بخات و نە متمانەی ماوە و نە باوەڕ، روسیە و چین تا ئەو کاتە لە بەرژەوەندیی خۆیان لە ئێران داکۆکی دەکەن کە خەلك بێدەنگە هەرکات خەڵک دەنگی هەڵبڕی سەردادەخەن و ڕوو لە دەسەڵاتی نوێی دەکەن، بۆ مەگەر کارتێر یا ئەمریکاییەکان دۆستی شای ئێران نەبوون بۆ مەگەر ساڵی ١٣٥٦ کارتێر سەردانی شای نەکرد! بە پێی دەیان هۆی دیکە هێزی گەل بەهێزتر و سوارترە و بەرگی براوە بە دەست جەماوەری وەزاڵە هاتوی ئێرانە. خەڵكێک کە بە درێژایی ٤٠ ساڵ تەسلیمی ئیسلامی سیاسی نەبوە خەڵكێک کە لە لایەن ڕژیمەوە شەڕێ بەسەر داسپا، هەر لە لایەن ئەو ڕژیمەوە گەمارۆی ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی دراوە.
لە ناو ئێران بە پێی هەر یەک لە سێ گۆشەی تاوانەکان پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، زەوتی مافی نەتەوەکان هەروەها دۆخی گشتی لە سەر سەرکوت و گەندەڵی و بێکاری دەستیان داوەتە دەستی یەک و بوونتە مستی گرێدراوی فەرهادی ١٤ ساڵە بۆ ڕاماڵینی حکومەتی پەت و سێدارە.
ئاخێزی جەماوەر هەڵگری پەیامە ڕوو بە چەند لایەن:
هەرچەند دنیا لە نیزیک بوونەوەی ئێران لە بۆمبی ئەتۆم ترساوە بەڵام سەرهەڵدانی نوێی ناو ئێران پەیامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ یەکێتی ئوروپا و تەنانەت روسیە و چین بە دڵنیاییەوە هەر وەک بینیمان ئەنجامەکەی وردە وردە خۆی دەردەخات و لە ماوەیەکی نیزیکدا دەبینین کە چی دیکە خەڵکی ئێران ناکەنە فیدای بەرژەوەندییەکانی ئابوری خۆیان.
سەرەڕای ئەوە کە چەندین جیبهەی پتەوەی یەکێتی ئۆۆزیسیون هەیە بەڵام پەیامێک بۆ ئۆپۆزیسۆنی سەراسەری ئێران بە حزبە کوردستانییەکانیشەوە کە ئەگەر بێتو پتەوتر نەبن، یەکگرتووتر نەبن و لە ناو جەماوەر نەبن فازی ئاخری ڕژێم درێژخایەنتر دەبێ بەدڵنیایەوە ئەمە ئاسۆی نیزیکە ئارەزوو نییە و بەمزوانە دەبیندرێ. خۆگرتنی ئۆپۆزیسیۆن لە درووست بوونی یەکگرتووییەکی سەراسەری لە ترسی دووپات بوونەوەی بەڵێنیی درۆی خومەینی، بۆ حکومەتی داهاتوی ئێران نابێ بمێنێ.
هەرچەند بەکرێگیراوان بە موو بەندن بەڵام پەیامە ڕوو بە بەکرێگیراوان وا ئاماژەیان پێ کرا کە رژیم وەک هەر دیکتاتۆڕێکی دیکە کۆتایی تەمەنی خۆی تێپەڕ دەکات و ڕوو لە خەڵک بکەن و پشت لە ڕژیم.
ئایا دوای ڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامی دۆخی ناو ئێران دەبێتە کارەسات؟ دوو بۆچوون بۆ یەک مەبەست، یەکەم بۆچوون رژیم بمێنی دەنا یا دەبینە سوریە (بە ڕاواڵەت وڵاتپارێزانی ئێران) ڕژیم بمێنی دەنا ئێران لەت لەت دەبێ! ئەو بۆچوونانە تەنیا تێڕوانینی بەشێک لە پاسدارە کۆنە خانەنشن کراوەکانی سەر بە حکومەت و بەشێک لە شوینیسمی ناوندنیشینی دەسەڵاتدارە و هیچ بنامەیەکی زانستی سیاسی نییە گەڵانی ئێران تینوی ژیانی ئاسودە و دێموکڕاسین، خەڵک تامەزرۆی ڕەها بوون لە ڕەشایی و بەندن، خەڵک بەتایبەت نەوەی نوێش زۆر لە وە تێگەیشتوترە کە دەتوانن دوای حکومەتی دیکتاتۆڕیی کۆماری ئیسلامی پێش بە هەر جۆرە گرژی و لە یەک هەڵبەزینەوە بگرن. لە شۆڕشدا زۆر شت چاوەڕوان نەکراوە بۆ مەگەر لە شۆڕشی ١٣٥٧ منداڵانی ئاغاکان نەبوون بە پێشڕەوی خەڵکی هەژار و فەقیر بۆ مەگەر ئەوان کەم بوون؟ تەنانەت لە باوک و دایکی خۆیشیان هەڵگەڕانەوە ئەو ڕەوتە ئەگەر لە دەیەی ڕابردوو دڵۆپەی دەکرد هێج دوور نییە وەک ساڵی ١٣٥٧ ببێتە بارانە و منداڵی دەسەڵاتداران و بەسەرداکەوتو بە سەر ماڵی خەڵکدا بڵێن ئەو کەش و هەوایەی حکومەت خەریکە خەفەمان دەکات و بەسە! بۆ مەگەر باوکی پویا بەختیاری خۆی چەندین ساڵ جانباز(خۆبەختکردوی نیزام) نەبوە خۆی لە گەڵ دەوڵەت و خاوەن سەرمایە و شرکت نەبوە؟ بەڵام پویای کوڕی ناز و نیعمەتی وەلا ناوە و لە گەڵ ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر کەوتوە، ئەم نموونانە لەوانەیە بچووک بن بەڵام بۆ شۆڕش مانای تەکاندانی کۆمەڵگایان هەیە.
شەلم کوێرم ناپارێزم ڕێک قسەی خامنەئییە ئەگەر خومەینی دەیوت نیزام بپارێزن هەموو بینیمان یانی چی ئێستاش قسەکانی شای ڕێفۆڕخوازەکان واتە خاتەمی و توندڕەوەکان هەر یەک قسەیە یەکیان دەڵێ نیزام بپارێزین یەکیان دەڵێ قسە قسەی خامنەئییە ئەو تاوانە مەزنەی ساڵی ١٣٦٧ خومەینی بەناوی پارێزگاری لە نیزام خوڵقاندی نەوەی نوێ لە بیری کرد بەڵام ئەوەی لە خەزەڵوەری ڕابردوودا خامنەئی خوڵقاندویە تاوانێکی بێ ساڕێژە و نەوەی نوێ لێپرسینەوەی لێدەکات چونکە لە کاتی قەیرانی مەشروعییەت دایە.
مەبەست لەم کورتە نووسراوە پێداگری لە سەر بۆچونی زۆربەی خەڵکە ئەوێش ئەوەیە کە درۆشمی خەڵک لە سەراسەری ئێران پێکاندنی یەک ئامانجە «نەمانی ڕژیمی دیکتاوتۆڕیی کۆماری ئیسلامی ئێران»، ئەو بزووتنەوەیە کە دەستی پێکردوە دەبێتە هۆکار تا لە بواری نێودەوڵەتیشەوە رژیم زیاتر بکەوێتە پەراوێز وە لە پێناو سەرکەوتن، سەقامگیربوونی دێموکڕاسی و ئاسایشی گشتی زیاتر لە خەڵكی ئێران داکۆکی بکردرێت.